ڤیدیۆ..ئاسایشی سلێمانی دەستگیركردنی گروپێكی مەترسیداری داعــش رادەگەیەنێت
  2024-11-24       148       

بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایشی سلێمانی، رایگەیاند، گروپێکی مەترسیداری چەکداری داعش دەستگیركران و "ویلایەتی کوردستان"ی ئەو رێكخراوە هەڵوەشێندرایەوە و "تۆڵەی شەهیدانی (قەرەداغ و ناوشوان)" كرایەوە.

ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایشی سلێمانی، ئەمڕۆ یەكشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، لەسەر بنەمای زانیاری هەواڵگری و ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان لەڕۆژی ٢٠٢٤/٨/٩ تا ٢٠٢٤/١١/٢٢ بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش توانیویانە، چەندین ئۆپراسیۆنی کێوماڵکردن بەهەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژەتیرۆر و هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق و فرۆکە جەنگییەکانی عێراق ئەنجام بدەن.

ئەوەشی خستۆتەڕو"لەدرێژەی چالاکییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش، بەشێوەی بەردەوام لەپێناو دەستگیرکردنی ئەندامانی گروپی تیرۆریستی داعش و هەڵوەشاندنەوەی (ویلایەتی کوردستان)چەندین ئۆپراسیۆنیان ئەنجامداوە لەسنوری (سلێمانی، کەرکوک، هەڵەبجە، رانیە، تەکیەی جەباری، تەکیەی کاکەمەند، ناوچەی شارەزور، ناڵپارێز، دەربەندیخان، پیرەمەگرون، قۆپییەکانی قەرەداغ، ناوچەی سەنگاو، جەبەل بۆر، چیای زەمبور، ناوچەی ناوشوان، گوندی ژاژ -لە نزیک قەزای چەمچەماڵ، تەقتەق و شاخی قەرەسرد)."

بەپێی راگەیەندراوەكە، پیلانی چەکدارانی داعش لە ویلایەتی کوردستان ئەمانە بون:

-بەستنەوەی پەیوەندی شانە نوستوەکانی داعش لە کوردستان و عێراق لەگەڵ تیرۆریستان لە وڵاتانی تورکیا و ئێران.

-جموجۆڵی بەردەوامیان لە ناوچەکە هەبێت .

-دانانی بازگەی کاتی بە جلوبەرگی سەربازی.

-رفاندنی بازرگانان بۆ کۆکردنەوەی پارە و ناردنی بۆ رێکخراوی تیرۆریستی داعش.

-کردنە ئامانجی دەزگا ئەمنییەکان و بەرپرسی حکومی و حزبی و هاوڵاتیان و بازگە و سەربازگەکان.

ئەوەشی خستۆتەڕو"لەکۆی ئەم پڕۆسەیەدا بۆ هەڵوەشاندنەوەی ویلایەتی کوردستان (٥) تیرۆریستی داعش کوژران و (١٤) تیرۆریست دەستگیرکران و دەستیشگیراوە بەسەر ژمارەیەک چەک و تەقەمەنی و پشتێنی خۆکوژی و دوربینی سەربازی(حەراری)، سەرجەم مۆڵگەکانیان خاپورکران."

ئاماژەی بەوەشداوە "بەرێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش، بەفەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوە ئاسایش، لەماوەی ڕابردودا بۆ ڕێگریکردن و پارێزگاری لەهاوڵاتیان لە بیری توندڕەوی و تیرۆر، لەچوارچێوەی (وڵاتپارێزی و خەڵک پارێزی)، هەڵمەتێکیان لەناوچەی شارەزور بۆ دەستگیرکردنی ژمارەیەک گومانلێکراو ئەنجامدا و لەدوای دەستگیرکردنیان و ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەکان پلانی بەرێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش سەرکەوتو بو، توانرا دەستگیرکراوەکان (أصلاح) بکرێن و بگەڕێنەوە ناو خێزانەکانیان."

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×