وەزیری تەندروستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند: بۆ ئەو گرێبەستانەی گرفتی موچەیان ھەیە، لەگەڵ بەغدا لەهەوڵ داین، کێشەکەیان چارەسەر بکەین، دڵنیایان دەکەینەوە بەھیچ جۆرێک ھیچ موچەیەکیان نافەوتێت.
ئاوێنە: دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەكشەممە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاند: زیاتر لە 900 کارمەندی گرێبەستی تەندروستی لە خشتەی (ج) ھەیە پێویستە لە بودجەی گشتی عێڕاق شوێنیان بۆ بکرێتەوە و ببنە میلاک و پارەیان بۆ سەرف بکرێت، ئێستا لە ڕێڕەوی یاسایی و کارگێریدایە و ھیچ کێشەیەکیان نییە و فەمانبەرن، دڵنیایان دەکەینەوە ھیچ گرفتی فەوتانی موچەیان نابێت، کاری خۆیان کردوە و موچەی خۆیان وەردەگرن.
دکتۆر سامان بەرزنجی وتیشی: لەو ماوەیە ئەو کێشەیە چارەسەر دەکرێت، کاتێک شاندی حکومەتی ھەرێمی کوردستان چوەتە بەغدا، ئەمە یەکێک لە بابەتەکان بوە و داوامان کردوە چارە بکرێت، بۆیە مافی خۆیانە بۆیان چارە بکرێت، ھەندێک ساڵ بۆ گرێبەستەکانی دیکەش کێشە دروست دەبێت، بەڵام لە ھیچ حاڵەتێک موچەیان نافەوتێت و کاتێک چارە دەبێت ھەمو موچە وەرنەگیراوەکانیان وەردەگرن.