بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا ڕایگەیاند، زایادبوونی ئامارەکانی تووشبوون بە شێرپەنجە بەردەوام و جیهانییە و لەو چوارچێوەیەشدا لە ماوەی نزیکەی چوار ساڵدا هەزار حاڵەتی نەخۆشی شێرپەنجە لە سنوورەكەمان زیادیکردووە.
ئاوێنه: دكتۆر یاد نەقشبەندی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا سەبارەت بە ئاماری چوارساڵی نەخۆشی شێرپەنجە لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، زایادبوونی ئامارەکانی تووشبوون بە شێرپەنجە بەردەوام و جیهانییە، لە ساڵی ٢٠١٩دا دوو هەزار و ٦٧٥ حاڵەتی توشبوون بە نەخۆشییەكە لە سنوورەكەمان هەبووە، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٣سێ هەزار و ٢٨٥ حاڵەت هەبووە واتە لە ماوەی نزیکەی چوار ساڵدا هەزار حاڵەت زیادیکردووە.
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لەبارەی چاندنی مۆخەوە وتی، لە ساڵی ٢٠١٦ەوە تاوەکوو ئێستا کۆی گشتیی ئەو نەخۆشانەی چاندنی مۆخیان بۆ ئەنجامدراوە ٤٠٦ کەسن، ٨٥ نەخۆشی تووشبووی تالاسیمیاش چاندنی مۆخیان بۆ ئەنجامدراوە، لەو ژمارەیە نزیکەی ٤٠٪ی خەڵکی سلێمانی بوون و نزیکەی ٦٠٪ی نەخۆشانی پارێزگاکانی دیکەی هەرێم و عێراق بوون.
ئەوەشی خستەڕوو، سەنتەری چاندنی مۆخ لە سلێمانی توانیویەتی خزمەتی سەرجەم هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان و عێراقیش بکات.
دەشڵێت، زیادبوونی ئامارەکان مانای ئەوە نییە هاوڵاتیان هەست بە ترس و دڵەڕاوکێ بکەن بەڵکوو دەبێت لە ئاستی باڵا حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان کار لەسەر دەستنیشانکردنی پێشوەختەی شێرپەنجە بکەن.