ژنێکی کۆڵبەری خەڵكی ناوچەی نەوسودی رۆژهەڵاتی كوردستان، دوای ئەوەی بەتەقەی راستەوخۆی هێزە چەكدارەكانی ئێران برینداركرا، بەهۆی سەختی برینەكەیەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
ئاوێنە: رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئەمڕۆ یەكشەممە، لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ژنێكی كۆڵبەر بەناوی پرشنگ قوباد زاهیری تەمەن 26 ساڵ، خەڵكی هانە گەرمەڵەی سەر بە ناوچەی نەوسودی شاری پاوە، بە هۆی سەختی برینەکانییەوە لە ئەنجامی بەرکەوتنی گولـلـەی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری کرماشان گیانی لەدەست دا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار كە قسەی بۆ رێكخراوەكە كردوە، هێزە چەکدارەکانی ئێران ڕۆژی سێشەممەی رابردو، لە نزیک ناوچەی سنوریی هانە گەرمەڵە لە پشتەوە تەقەیان لە پرشنگ قوباد زاهیری کردوە.
رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ئاماژەی بەوەشداوە، باوك و برایەكی ئەو ژنە كۆڵبەرە كوژراوە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.