وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكومەتی هەرێمی كوردستان گشتاندنێكی تایبەت بە بەهەمیشەییكردنی فەرمانبەرانی گرێبەست بڵاوكردەوە و تیایدا هاتووە، پێویستە تەمەنی 18 ساڵی تەواو كردبێت، بایۆمەتری كردبێت و بتوانێت 20 ساڵ خزمەت بكات، هەروەها لە وەزارەتی دارایی بە گرێبەستكردنی پەسەندكرابێت، هەڵگری بڕوانامەی عێراقی بێت و تاوەكو سێ ساڵ داوای گواستنەوەی راژە نەكات.
بەگوێرەی گشتاندنەكە، سروشتی ئەو خزمەتگوزارییانەی فەرمانبەری گرێبەست پێشكەشی دەكات بوار بە بەهەمیشەییكردنی دەدات، تەنیا ئەو بڕوانامەیە هەژمار دەكرێت كە بەشێوەی گرێبەست پێی دامەزراون و كار بەهیچ بڕوانامەیەك ناكرێت پێش یاخود پاش دامەزراندن بەشێوەی گرێبەست هەبووە یاخود بەدەستهاتووە.
روونیشكراوەتەوە، پێویستە فەرمانبەری گرێبەست سێ ساڵ خزمەتی گرێبەستی هەبێت و بەردەوامبێت لە كار، لە تەمەنی هەژدە ساڵی خزمەتی گرێبەست هەژمار دەكرێت، بە مەبەستی دامەزراندنی بە شێوەی هەمیشەیی، هەروەها لەكاتی بوون بە بەهەمیشەیی فەرمانبەرانی كرێبەست دەبێت فەرمانگەكەی پێویستی بە راژەی فەرمانبەرەكە هەبێت.
هەر بەگوێرەی گشتاندنەكەی وەزارەتی دارایی و ئابووری، پێویستە رەچاوی تەمەنی فەرمانبەری گرێبەست بكرێت، بەشێوەیەك بەو خزمەتەی بەشێوەی گرێبەست كردوویەتی و دوای دامەزراندنی دەیكات ماوەی 20 ساڵ خزمەت پێشكەشبكات، هەروەها دەبێت لەلایەن وەزارەتی د ارایی دامەزراندنیان بەشێوەی گرێبەست و نوێكردنەوەی دامەزراندنیان بەشێوەی گرێبەست پەسەندكرابێت.
لە مەرجەكانی دیكەدا هاتووە، دەبێت تەمەنی 18 ساڵی تەواو كردبێت لەكاتی دامەزراندن، هەڵگری بڕوانامەی عێراقی بێت و دوای دامەزراندنیشی بەهیچ شێوەیە داوای گواستنەوەی راژە نەكات بۆ ماوەی سێ ساڵ، دوای دامەزراندن بەشێوەیەكی هەمیشەیی كۆتایی بە گرێبەستەكەی دەهێنرێت و هیچ كەس لەشوێنی بەشێوەی گرێبەست دانامەزرێنرێت.
وەزارەتی دارایی و ئابووری جەختی لەوەشكردووەتەوە، هەروەها پێویستە ئەو فەرمانبەرە گرێبەستانەی دادەمەزرێنرێت، لە پرۆژەی بایۆمەتری خۆیان تۆماركردبێت.