وێنه: چه‌ند چه‌كدارێكی گروپی كه‌تیبه‌كانی حزبوڵای عێراق له‌سه‌ر رێگه‌یه‌ك له جورف سه‌خر له‌كاتی ئه‌ركدا
ئاژانسی رۆیته‌رز له زاری به‌رپرسی ئه‌منیی عێراق رایگه‌یاند، حكومه‌تی عێراق له‌گه‌ڵ گروپی كه‌تیبه‌كانی حزبوڵادا رێككه‌وتن و سبه‌ی هه‌ینی هێزه ئه‌منییه‌كان ده‌چنه نێو جورف سه‌خر.
ئاوێنه: سێ به‌رپرسی باڵای ئه‌منیی عێراق، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه، به ئاژانسی رۆیته‌رزیان وتوه، چاوەڕوان دەکرێت سبه‌ی هەینی هێزەکانی حکومەت بچنە ناو پێگەی سەرەکیی گروپی كه‌تیبه‌كانی حزبوڵا لە ناوچەی جورف سەخر، ئەوەش بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی کە سەرکردە سیاسییە باڵاکانی شیعە نێوەندگیرییان تێدا کردوە بۆ دورکەوتنەوە لە ڕوبەڕوبونەوە.
فەریق سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی لە عێراق، بە ڕۆیتەرزی وتوه، هێزەکانی گروپی کەتیبه‌كانی حزبوڵا دەگوازرێنەوە بۆ چه‌ند ناوچەیه‌كی دیکە.
دره‌نگای شه‌وی دوشه‌ممه، ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی هێزی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران، گەیشتە بەغدا بۆ یارمەتیدان لە هێورکردنەوەی گرژییەکان لەگەڵ کەتیبه‌كانی حزبوڵا، کە بەهێزترین هاوپەیمانی چەکداری تارانە لە عێراق.
وته‌بێژی كه‌تیبه‌كانی حزبوڵا رایگه‌یاند كه ئه‌بو حسێن حمێداوی، ئەمینداری گشتیی گروپەکەیان، لەگەڵ قائانی و هادی عامری، سەرۆکی ڕێکخراوی بەدرو چەند کەسایەتییەکی دیکەی کاریگەر کۆبوەتەوە لە هەوڵێکدا بۆ ڕێگری‌کردن لە پەرەسەندنی دۆخەکە. بەشداربوان لە ڕاگەیەندراوێکدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاوکرایەوە، ئەنجامی گفتوگۆکانیان بە ئەرێنی وەسف کرد.
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆش ئه‌بو حسێن حمێداوی، ئه‌مینداری گشتی كه‌تیبه‌كانی حزبوڵای عێراق له په‌یامێكدا جه‌ختی كرده‌وه كه كێشه‌كان له‌گه‌ڵ عه‌لی زه‌یدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌ڕێگه‌ی كه‌ناڵه تایبه‌ته‌كانه‌وه چاره‌سه‌ر ده‌كرێن.