ئه‌مینداری گشتی كه‌تیبه‌كانی حزبوڵا: كێشه‌كان له‌گه‌ڵ زه‌یدی له‌ڕێگه‌ی كه‌ناڵه‌ تایبه‌ته‌كانه‌وه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كرێن
  2026-11-19     

ئه‌بو حسێن حمێداوی، ئه‌مینداری گشتی كه‌تیبه‌كانی حزبوڵای عێراق جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ كه‌ كێشه‌كان له‌گه‌ڵ عه‌لی زه‌یدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌ڕێگه‌ی كه‌ناڵه‌ تایبه‌ته‌كانه‌وه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كرێن.

ئاوێنه‌: ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌، ئه‌بو حسێن حمێداوی، ئه‌مینداری گشتی كه‌تیبه‌كانی حزبوڵای عێراق له‌ په‌یامێكدا كه‌ له‌لایه‌ن جه‌عفه‌ر حسێنی، وته‌بێژی گروپه‌كه‌وه‌ بۆ كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن خوێندرایه‌وه‌، وتی، پێزانینی قوڵی خۆمان دەردەبڕین بۆ هەڵوێستی برایان لە حەشدی شەعبی و ئەو یەکگرتویی و هاوسۆزییەی کە لەگەڵ براکانیان لە مقاوەمەی ئیسلامی.

وتیشی، هه‌روه‌ها سڵاوی شانازی و ڕێز ئاراستەی ڕۆڵەکانمان لە دەزگا ئەمنییەکانی عێراق دەکەین، بە هەمو جۆر و پێکهاتەکانیانەوە، کە ڕەتیان کردەوە جگە لە تۆمارکردنی هەڵوێستێکی برایانەی بەرپرسیارانە هیچ شتێکی تر بكه‌ن و هەر جۆرە پێكدادانێكیان ڕەتکردەوە کە خزمەت بە دوژمنان بکات، هەروەها نکۆڵییان لە هەڵوێستی ئەو کەسانە نەکرد کە لە تەنیشتیان وەستان و بەرگرییان لێ کردن، و بە جەستەی خۆیان بەشداربوون لە پاراستنی عێراق لە ڕۆژانی ڕزگارکردن و قۆناغەکانی دوای ئەویشدا.

ئه‌مینداری گشتی كه‌تیبه‌كانی حزبوڵا جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌ کێشە و گرفتەكانی ئێستا لەگەڵ سەرۆکی دەسەڵاتدا (مه‌به‌ستی له‌ عه‌لی زه‌یدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقه‌) لە ڕێگەی کەناڵە تایبەتەکانەوە چارەسەر دەکرێن، بۆ ئەوەی دەرفەت نه‌درێته‌ دوژمنە سه‌ره‌كییه‌كانمان.

حمێداوی داوای له‌ چه‌كدارانی گروپه‌كه‌ی كرد، بگەڕێنەوە سەر ئەنجامدانی کارە ئاساییەکانیان هاوشێوه‌ی به‌رله‌وه‌ی بخرێنه‌ ئاماده‌باشییه‌وه‌.

ئه‌و وتیشی، به‌رده‌وام بن له‌سه‌ر په‌ره‌پێدانی تواناكانتان چونکە داهاتو ئاڵنگاریی زۆر گەورەی لە هەگبەدایەو ڕوبەڕوبونەوەی پێویستی بە پیاوانێکە کە خاوەنی ئاستێکی بەرز بن لە ئارامگری، خۆڕاگری و بەرپرسیارێتی، هاوشێوەی ئێوە.

وتیشی، دڵنیایی دەدەمه خه‌ڵك بەتایبەتی لە کەربەلا و بابل و بەشێوەیەکی تایبەتتر لە موسەییەب و ئەسکەندەرییە و خەڵکی بەغدا و زیارەتکارانی کەربەلا، كه‌ "ئێمە، ئەگەر خودا بیەوێت، لە خزمەت و پاراستنی ئێوە و بەرگریکردن لە ئێوە و ناموستان دەمێنینەوە و تا هەناسەیەکمان تێدا مابێت ڕێگە نادەین بکوژ و تاوانبار و تەکفیرییەکان بگەڕێنەوە؛ بۆیە دڵنیا بن و کارەکانی خۆتان بکەن، ئێمەش وەک چۆن بوین، هه‌روا قەڵغانێکی پۆڵایین دەبین بۆ ئێوە و پیرۆزییەکانمان."

له‌ كۆتایی په‌یامه‌كه‌یدا هه‌روه‌ها سوپاسی زۆر هه‌ریه‌كه‌ له‌ عامری، فالح فه‌یاز، ئه‌بو فه‌ده‌ك و ئیسماعیل قائانی، به‌رپرسی هێزی قودسی سوپای پاسدارانی كردوه‌ له‌به‌ر هه‌ڵوێسته‌كانیان.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×