هاوکات لەگەڵ بڕیاری فەرمیی حکومەتی عێراق بۆ پێکهێنانی بارەگایەکی هاوبەشی سەرپەرشتیاری هێزەکان لە ناحیەی جورف سەخر، حزبوڵڵای عێراقی ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ ئیسماعیل قائانی ڕاگەیاند و وتەبێژی ئەو گرووپەش جەخت لە مانەوەی هێزەکانیان لەو ناوچەیە دەکاتەوە.
ئاوێنە: سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، لەسەر فەرمانی عەلی زەیدی، بڕیار دراوە بە پێکهێنانی "بارەگای سەرپەرشتیاری هێزەکان" لە ناحیەی جورف سەخر. بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، ئەم بارەگایە لە کاتژمێر شەشی بەیانیی سبەینێ هەینییەوە بە شێوەیەکی فەرمی دەست بە کار و ئەرکەکانی دەکات.
سەبارەت بە پێکهاتە و فەرماندەیی بارەگا نوێیەکە، فەرمانەکە بەم شێوەیە پۆستەکانی دیاری کردووە:
فەریق ڕوکن ئەحمەد حاتەم حەمید: وەک فەرماندەی بارەگاکە.
لیوا ڕوکن حوسێن عەلی نسەیف: وەک جێگری فەرماندە بۆ کاروباری بەرگری.
عودەی عەبدولئەئیمە مەسحەب: وەک جێگری فەرماندە بۆ کاروباری حەشدی شەعبی.
لە لایەکی دیکەوە و لە کاردانەوەی پێشهاتەکاندا، حزبوڵڵای عێراقی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە کۆبوونەوەیەکی "بەرهەمدار"یان لەگەڵ ئیسماعیل قائانی تایبەت بە پرسی جورف سەخر ئەنجام داوە، بەڵام هیچ وردەکارییەکیان لەبارەی ناوەڕۆک و ئەنجامی کۆبوونەوەکە ئاشکرا نەکردووە.
پەیوەست بە مانەوە یان کشانەوەی هێزەکانیشیان، ئەبو تاڵب سەعیدی، وتەبێژی حزبوڵڵای عێراقی، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە ناوچەکە چۆڵ ناکەن و ڕۆیشتنیان لە جورف سەخر بە دەست خۆیان نییە. سەعیدی هۆکاری ئەم هەڵوێستەی بۆ داواکاریی دانیشتووانی ناوچەکە گەڕاندەوە و وتی: "هۆزە عەشائیرەکان داوای مانەوەمان لێ دەکەن."
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، وتەبێژەکەی حزبوڵڵا جەختی لەوەش کردەوە کە "بڕیاری کشانەوەمان لە جورف سەخر نە بە دەست ئێمەیە و نە بە دەست حکومەتی عێراق."