مەنسوور یاڤاش، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئەنقەرە، نكۆڵی لەو لێدوانانەی دەكات كە ئاڵای كوردستانی بە "پەڕۆ" ناوبردو دەشڵێت، قسەكانم شێوێندراون.
ئاوێنە: مەنسور یاڤاش كە سەربە پارتی گەلی كۆماری-جەهەپەیەو سەرۆكی گەورە شارەوانی ئەنقەرەیە، رۆژی 22ی ئەم مانگە لە وتەیەكدا لە گۆڕەپانی ساراچهانەی ئیستانبوڵ ئاڵای كوردستانی بە "پەڕۆ" ناوبرد، ئەوەش ناڕەزایەتی توندی كوردانی بەدوای خۆیدا هێنا.
بەڵام یاڤاش، ئەمڕۆ دوشەممە، رایگەیاند، ئەو قسانەی "شێوێندراون" و بەمەبەستی سیاسی بەكارهێنراون.
ئەو وتیشی، من لە وتەكەمدا ئاماژەم بەوەدا كە "دوڕویی" لە جێبەجێکردنی یاسای خۆپێشانداندا هەیە، "رەخنەم گرت و بە پێویستم زانی ئەو لێبوردەییەی پۆلیس نیشانی دەدات، لە سەراچهانەی ئیستانبوڵ و کزڵای ئەنقەرەش نیشانی بدات و بە گازی فرمێسکڕێژ وەڵامی خۆپێشاندەران نەداتەوە."
وێڕای ئەوەش ناوبراو وتی"بڕگەی سێیەمی دەستور رونە و ئاڵای فەرمیی وڵاتەکەمان سورە و مانگی سپی تێدایە. ئەمە تاکە ئاڵای ئێمەیە و ناوی ئاڵای تورکە".
یاڤاش وتی "بەردەوام دژی ئەو بیرکردنەوەیەم کە کورد و تیرۆر دەخاتە یەک تای تەرازو. ئەمڕۆش هەر هەمان هەڵوێستم هەیە. هاوشێوەی هەمو ئەو هاوڵاتیانەمان کە ئەم خاکەیان هێنایە بون، هاوڵاتیانی کوردیشمان تاجی سەرمانن."