عێراق و كۆمپانیای BPی بەریتانی گرێبەستێكیان بۆ پەرەپێدانی چوار كێڵگەی نەوتی كەركوك ئیمزاكرد
  2025-03-26       306       

ئەمڕۆ چوارشەممە، لە رێوڕەسمێكدا بە سەرپەرشتی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، گرێبەستێك لەنێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و كۆمپانیای BPی بەریتانی بۆ پەرەپێدان و بەرهەمهێنان لە چوار كێڵگەی نەوتی كەركوك ئیمزاكرا.

ئاوێنە: نوسینگەكەی سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە، محەمەد شەیاع سودانی، سەرپەرشتی ڕێوڕەسمی ئیمزاكردنی گرێبەستێکی کرد لە نێوان وەزارەتی نەوت و كۆمپانیای BPی بەریتانی بۆ پەرەپێدان و بەرهەمهێنان لە چوار کێڵگەی نەوتی کەرکوک کە بریتین لە: باباگوڕگوڕ و ئاڤانا، بای حەسەن، جەبور و خەباز.

وەزیری نەوتی عێراق و مورای ئۆچینكلوس، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری كۆمپانیای BPی بەریتانی ئامادەی كۆبونەوەكە بون.

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، گرێبەستەكە، نۆژەنکردنەوە و پەرەپێدانی هەر چوار کێڵگەکە لەخۆدەگرێت بەمەبەستی زیادکردنی یەدەگی هایدرۆکاربۆن و بەرزکردنەوەی ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو بە ئامانجی گەیشتن بە لوتکەی بەرهەمهێنان کە 420 هەزار بەرمیل نەوتە لە ڕۆژێکدا لەگەڵ وەبەرهێنانی گازی هاوەڵ لە ڕێگەی نۆژەنکردنەوە و فراوانکردنی دامەزراوەکانی کۆمپانیای گازی باکورەوە بۆ بەرهەمهێنانی 400 ملیۆن پێ سێجا لە ڕۆژێکدا و دامەزراندنی وێستگەیەکی کارەبا بە توانای 400 مێگاوات.

نوسینگەی سودانی ئاماژەی بەوەشداوە، پڕۆژەکە هاوكار دەبێت لە ڕاگرتنی بەردەوامی سوتاندنی ئەو گازی هاوەڵەی كە لە بەرهەمێهنانی نەوتی خاودا دروست دەبێت و بەشێوەیەكی گونجاو سودی لێوەردەگیرێت بۆ دابینکردنی سوتەمەنی پێویست بۆ وێستگەکانی کارەبا، ئەوەش وێڕای لەخۆگرتنی دەستی کار لە پسپۆڕییە جۆراوجۆرەکان و پەرەپێدانی توانای کارمەندە تەکنیکی و ئەندازیارییەکان.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×