بڕیارە ئەمڕۆ شەممە ٢٩ ی ئازاری ٢٠٢٥، موچەی مانگی سێی پۆلیسی بەرگری و فریاکەوتن دابەشبکرێت، بەڵام بڕیاردراوە هەر پۆلیسێکی پاسەوانی بارەگای حزبەکان بڕی ٦٠ هەزار دیناری لێ ببڕدرێت.
ئاوێنە: بەپێی زانیارییەکان لە سەرچاوەیەکی پۆلیسی پاسەوانییەکانی کۆمەڵی دادگەرییەوە، لەبەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی بەرگریی و فریاکەوتنەوە کە بارەگاکەی لە ناوچەی کانی گۆمەیە، پۆلیسی پاسەوانی بارەگای هێزە سیاسییەکان ئاگادارکراونەتەوە کە لەم مانگەوە هەر پۆلیسێک بڕی ٦٠ هەزار لە موچەکانیان دەبڕدرێت.
ئەو سەرچاوەیە وتیشی "بڕیارەکە بە شێوەی زارەکی بەپۆلیسی پاسەوانی وتراوە بەبێ ئەوەی بڕیارێکی وەزارەتی ناوخۆ بۆ ئەو بابەتە بوونی هەبێت".
خواردنی ڕۆژانەی پۆلیسی پاسەوانی بارەگای هێزە سیاسییەکان لەسەر خۆیانەو هەمویان لەو بارەگایانە نان دەخۆن کە پاسەوانی دەکەن، بەڵام لەکانی گۆمەوە پێیانوتراوە، ئەو ٦٠ هەزار دینارەی لێتان دەبڕدرێت، بۆ نانخواردنە.
ئەمەش ناڕەزایەتی لەناو پۆلیسی پاسەوانییدا سەبارەت بەو بڕیارە دروستبووەو دەڵێن "ئێمە کە خواردنی ڕۆژانەمان لەسەر حیزبەکانمانە، بۆچی دەبێت بە بڕیارێکی سەرپێیی و نایاسایی ٦٠ هەزار دینار لە موچەکانمان ببردرێت".
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست ئاوێنە کەوتووە، بڕیارەکە حیزبییەو دەیانەوێت بەو پارەیە، خواردنی پۆلیسی فەرمانگە حکومییەکان دابیبن بکرێت لەکاتێکدا پۆلیسی فەرمانگە حکومییەکان مانگانە بڕێک لەموچەکانیان بۆ هەمان مەبەست دەبڕدرێت.
پۆلیسی پاسەوانی بارەگای هێزە سیاسییەکان ژمارەیان زیاتر لەحەوت هەزار کارمەندەو، ئەم بڕیارە ناڕەزایەتی گەورەی دروستکردووە و بەپێی زانیارییەکان، سەدان پۆلیسی پاسەوانی بڕیاریانداوە وەک ناڕەزایەتییەک ئەمڕۆ موچە وەرنەگرن.