شاندی دەم پارتی لەگەڵ شاندی مەهەپە جەژنە پیرۆزە لە یەکتر دەکەن
  2025-03-31       221       

بۆ یەکەمجار شاندی پارتی دەم لەگەڵ شاندی مەهەپە جەژنە پیرۆزەیان لە یەکتر کرد و دوای 10 ساڵیش لەگەڵ ئاکپارتی بەمەبەستی جەژنە پیرۆزە سەردانی یەکدى دەکەن.

ئاوێنە: ئەمڕۆ لە دووەم رۆژی جەژنی رەمەزاندا، پارتی دەم لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان جەژنە پیرۆزە دەکات و لەو چوارچێوەیەشدا سەرەتا شاندێکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا (مەهەپە) سەردانی بارەگای سەرەکی پارتی دەمی کرد و جەژنە پیرۆزەیان لە یەکتر کرد و کۆبوونەوە، بەو جۆرەش بۆ یەکەمجار، پارتی دەم و مەهەپە پیرۆزبایی جەژن لە یەکدى دەکەن. هاوکات شاندێکی پارتی دەم سەردانی مەهەپەی کردەوە.

دواتر شاندێکی پارتی ئایندە، بەمەبەستی جەژنەپیرۆزە سەردانی پارتی دەمیان کرد و هاوکات شاندێکی پارتی دەم سەردانی پارتی ئایندەی کردەوە.

لە کاتژمێر 12:30 خولەکیشدا، شاندی ئاکپارتی سەردانی بارەگای سەرەکی پارتی دەمی کردو شاندێکی پارتی دەمیش سەردانی ئاکپارتی دەکات. ئەوەش یەکەم سەردانی هەردوو پارتەکەیە بۆ لای یەکدى بۆ جەژنە پیرۆزە لە دوای 10 ساڵ.

پاشان لە کاتژمێر 13:30 خولەکدا پارتەکانی دەم و سەعادەت و لە کاتژمێر 14:15خولەکیشدا پارتی دەم و دەڤا بەمەبەستی جەژنەپیرۆزە سەردانی بارەگای سەرەکی یەکتر دەکەن.

سەردانەکەی شاندی پارتی دەم، مەهەپە و ئاکپارتی بۆ جەژنە پیرۆزە بۆ لای یەکدى، وەک بەشێک لەو پرۆسە نوێیە تەماشا دەکرێت، کە لە یەکی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە دەستیپێکردووە و دیارترین قۆناغی پرۆسەکەش، بانگەوازەکەی عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانییکراوی پەکەکە بوو لە 27ـی شوباتی ئەمساڵ.

جەهەپە هیچ پلانێکی بۆ سەردانی لایەنەکان لە رۆژانی جەژندا نییە و هەر لەسەر ئەو بنەمایەش پارتی دەم باسی لە سەردانی شاندەکەی بۆ لای ئەو پارتە نەکردووە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×