بڕیارە ئەمشەو شەممە، حكومەتی نوێی سوریا رابگەیەندرێت، ئەنجومەنی نیشتمانی كورد لە سوریا-ئەنەكەسە دەڵێت، بەڕەسمی بانگهێشت كراون بۆ ئامادەبونی لە رێوڕەسمی راگەیاندنی حكومەتی نوێ بەڵام ئەوان بایكۆتی دەكەن.
ئاوێنە: فەیسەڵ یوسف، وتەبێژی ئەنەكەسە بە رۆژنامەی شەرقولئەوسەتی وتوە، سەرەڕای ئەوەی بانگهێشتی رەسمیمان بۆ بەشداریکردن لە رێورەسمی راگەیاندنی حکومەتی نوێی سوریا پێگەیشتوە، بەڵام بایکۆتی دەكەین.
فەیسەڵ یوسف وتوشیەتی، ئیدارەی نوێی دیمەشق پەیوەندی پێوەنەكردوین سەبارەت بە پێکهێنانی ئەم حکومەتە، یان راوێژمان پێبكات لە هەڵبژاردنی ناو یان پۆستە وەزارییەكان.
ئاماژەی بەوەشکردوە، هێزە سیاسییە کوردییەکان تاکە نوێنەرو داکۆکیکارن لە گەلی کورد و مافەکانی و هیچ بەرژەوەندییەكیان نییە لە بەشداریكردن لە رێورەسمی راگەیاندنی پێكهێنانی حكومەت، هێندەی ئەوەی بەلامانەوە گرنگە داواكاری گەلەكەمان بەدیبهێنین و لەروی دەستورییەوە زامنی بكەین.
بڕیارە ئەمشەو حكومەتی نوێی سوریا رابگەیەندرێت كە لە (22) وەزارەت پێكدێت.
سەرچاوەكان لە سوریاوە باس لەوە دەكەن كە وەزیرانی دەرەوەو ناوخۆ و بەرگری كە سەربە (دەستەی تەحریری شام)ن و كەسانی نزیكن لە ئەحەمەد شەرع، سەرۆكی راگوزەری سوریا، لە شوێنی خۆیان دەمێننەوە لە حكومەتە نوێكەداو پێدەچێت دو كوردیش بەشداربن لە حكومەتەكەدا.