ئێران هەڕەشەی هێرشکردنە سەر ئەمریکا دەکات
  2025-03-28       546       

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هەڕەشەی هێرشی تووند بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا دەکات، لە ئەگەری هێرشی واشنتۆن بۆ سەر ئێران.

ئاوێنە: محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە وتارێکدا لە میانی مەراسیمی رۆژی قودس، ڕایگەیاند: ئەگەر ئەمریکا هێرش بکاتە سەر سەروەریی خاکی ئێران یان بنکە ئەتۆمییەکان، ئەوا ئێرانیش هێرش دەکاتە سەر هەموو بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و هەڵیان دەکێشێت لە ئاگر.

وتیشی: تەنانەت هاوپەیمانەکانی ئەمریکاش لە ناوچەکە لە هێرشەکانی ئێران پارێزراو نابن.

ئەو قسانەی سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هاوکاتی نامە هەڕەشەئامێزەکەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکایە بۆ کاربەدەستانی ئێران، کە تێیدا هۆشداری دابوو، ئەگەر ئێران دانووستان نەکات، ئەوا پەنا بۆ چارەسەری سەربازی دەبەن.

قالیباف نامەکەی ترەمپی بە “کەڵەگایی” وەسف کرد و ڕایگەیاند: هیچ باسێکی گرنگ لە سزاکانی سەر ئێران نەکراوە، بەڵکو خەیاڵی خۆیان خستووەتەڕوو.

جەختیشیکردەوە، کە ئێران لە ژێر فشاردا ناچێتە نێو هیچ دانووستانێکەوە و وتی: دانوستان لەم بارودۆخەدا خۆبەدەستەوەدانە.

هەر ئەمڕۆش عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، نامەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران هەڕەشەی تێدا بووە.

ئاشکراشی کرد، بە وردی نامەکەمان تاوتوێ کرد و هەڵسەنگاندنمان بۆ لایەنە جیاوازەکانی کرد، بە شێوەیەکی گونجاویش وەڵامی خۆمان بۆ لایەنی ئەمریکی نووسیوە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×