ئەمریكا داوا لە هاوڵاتیانی وڵاتەكەی دەكات سوریا جێبهێڵن
  2025-03-29       305       

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا داوا لە هاوڵاتیانی وڵاتەكەی دەكات سەردانی سوریا نەكەن و ئەوانەشی لەوێن ئەو وڵاتە جێبهێڵن، ئەوەش بەهۆی زیادبونی ئەگەری هێرشە جۆراوجۆرە لە ماوەی پشوەكانی جەژنی رەمەزاندا.

ئاوێنە: وەزارەتەكە لە راگەیەندراوێكدا هۆشداری داوەتەوە هاوڵاتیانی ئەمریكی لە ئەگەری زیادبونی هێرشەكان لەماوەی جەژنی رەمەزاندا بۆ سەر باڵیۆزخانەو رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و دامەزراوە گشتییەكان لە دیمەشق.

بەپێی راگەیەندراوەكە هێرشەكان دەكرێت بریتی بن لە هێرشی تاكەكەسی، هێرشی گروپی چەكدار، یان تەقینەوەی بۆمبی چێندراو. بەڵام مەرج نییە تەنیا لەم جۆرە هێرشانەدا كورت ببنەوە.

پێشتر وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا هۆشدارییەكی لەبارەی گەشتكردن بۆ سوریا بڵاوكردبوەوەو رایگەیاندبو كە گەشتكردن بۆ ئەو وڵاتە قەدەغەیە. وەزارەتەكە لە راگەیەندراوە نوێكەیدا ئاماژەی بەوەداوە كە هۆشدارییە ئێستاش بەركارە لەڕوانگەی بونی مەترسی گەورە لە سوریا كە خۆی دەبینێتەوە لە تیرۆر، گرژی و ئاڵۆزیی مەدەنی، رفاندن، بە بارمتەگرتن، شەڕی چەكداری، دەستبەسەركردنی ناڕەوا.

باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە دیمەشق لەساڵی 2012ەوە كارەكانی هەڵپەساردون. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا وتویەتی، حكومەتی ئەمریكا ناتوانێت هیچ خزمەتگوزارییەكانی كونسوڵگەریی ئاسایی یاخود بەپەلە پێشكەش بە هاوڵاتیانی خۆی بكات لە سوریا. چیك وڵاتی پارێزەری بەرژەوەندییەكانی ئەمریكایە لە سوریا.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا وتویەتی، ئەو هاوڵاتییە ئەمریكیانەی كە پێویستیان بە هاوكاری بەپەلەیە لە سوریا، دەتوانن پەیوەندی بكەن بە بەشی پاراستنی بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لە باڵیۆزخانەی چیك لە دیمەشق.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×