فۆبرس ئاماژە بەوە دەکات کە "پلاتفۆرمی سۆشیال میدیای ئێکس لەبەیاننامەیەکەدا رایگەیاندووە حکومەتی تورکیا داوای لێکردووە زیاتر لە ٧٠٠ ئەکاونتی ناڕازییەکان بلۆک بکرێن، بەڵام ئێکس ئەو داوایەی رەتکردوەتەوە".
ئاوێنە: ماڵپەڕی ئەمەریکی فۆربس، لەهەواڵێکیدا ئاماژە بەوە دەکات دوای ئەوەی حکومەتی تورکیا داوای لەکۆمپانیاکەی ئیلۆن ماسک کردووە، ئێکس هەژماری ٧٠٠ میدیاو کەسایەتیو چالاکوانی سیاسیو خوێندکاریی دژ بەئەردۆغان بلۆک بکات، کە پاش دەستگیرکردنو زیندانیکردنی سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵ ئەکرەم ئیمامئۆغلو ناڕەزاییو خۆپیشاندانی گەورە لەتورکیادا دژ بەدەسەڵاتی تاکڕەوانەی ئەردۆغان سەریهەڵداوە، بەڵام ئێکس رایگەیاندووە پابەند نابێت بەداواکارییەکان، هەرچەندە هەندێک ئەکاونتی ناڕازییەکان دەڵێن سانسۆریان خراوەتە سەرو لەناو تورکیادا نابینرێن.
لە بەیاننامەیەکدا کە ئێکس بڵاویکردوەتەوە، تیمی کاروباری جیهانی کۆمپانیاکە ڕایگەیاندووە "چەندین فەرمانی دادگایان لەحکومەتی تورکیا وەرگرتووە بۆ بلۆککردنی "زیاتر لە ٧٠٠ ئەکاونتی میدیاکان، ڕۆژنامەنووسان، کەسایەتییە سیاسییەکان، خوێندکارانو چالاکوانانی دیکە لەناو تورکیا" بەو پێیەی هاندەری توندوتیژییو تاوانن.
ئێکس لەبەیاننامەکەیدا ئەو داواکارییەی بە"نایاسایی" ناوبردووەو ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم کارە ڕێگری لە"ملیۆنان بەکارهێنەری ئێکس لەتورکیادا دەکات کە هەواڵو گوتاری سیاسی وڵاتەکەیان بزانن، لەکاتێکدا ئێکس هەمیشە بەرگری لەئازادی رادەربڕین دەکات لەهەموو شوێنێک".
ئەمە لەکاتێکدایە کە پێشتر ماڵپەڕی پۆلیتیکۆ رایگەیاندبوو کە ئێکس ژمارەیەک ئەکاونتی "سەر بەکەسایەتییە ئۆپۆزسیۆنەکانی" تورکیای ڕاگرتووە".
بەپێی زانیارییەکانی فۆربس بەشێک لەو ئەکاونتانە تەنیا لەتورکیا دەرناکەون، دەنا لەوڵاتانی دەرەوەی تورکیا دەبینرێن.
ئەمە لەکاتێکدایە کە هەفتەی ڕابردوو، دەسەڵاتدارانی تورکیا ئەکرەم ئیمامئۆغڵو سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵیان دەستگیرکردو بەتۆمەتی گەندەڵی خستیانە زیندانەوە.
ئیمامئۆغڵو، ئەندامی پارتی گەلی کۆماریخواز جەبهەیە، کە دووەه هێزی گەورەی سیاسی تورکیاو بەهێزترین هێزی ئۆپۆزیسیۆنی ئەو ڵاتەیەو بەڕکابەری سەرەکی سیاسی ئەردۆغان دەدەنرێتو زیندانیکردنی زیاتر وەک هەنگاوێکی سیاسی سەیر دەکرێت. دوای چەند کاتژمێرێک لەزیندانیکردنی، پارتەکەی کاندیدی کرد بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی داهاتووی تورکیا، کە بڕیارە ساڵی ٢٠٢٨ بەڕێوەبچێت.