نوسینگەی رۆژنامەوانی وەزیری پێشمەرگە رایدەگەیەنێت، راگرتنی نوسراوەکانی هێزەکانی حەفتا لەناو بەشە کارگێرییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە دوورە لەڕاستی.
ئاوێنە: سەبارەت بە جیاوازی لە پێدانی ئازووقە بۆ فیرقەی یەک و دوو نوسینگەکە لەوبارەیەوە، دەڵێت "هیچ جیاکاریەکی بنەڕەتی لە وەزارەتی پێشمەرگە بوونی نیە، هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سەرجەم ماف و شایستەکانیان یەکسانن و بەبێ هیچ جیاوازییەک ئەوەی لەبەردەستی وەزارەتی پێشمەرگەدا بێت بەسەر هەموو یەکە سەربازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگەدا دابەشکراوە".
دەقی نوسراوەکەی نوسینگەی رۆژنامەوانی وەزیری پێشمەرگە:
لە چەند رۆژی رابردوودا لە بەرنامەیەکی تەلەفیزیۆنیدا لەکەناڵی کوردسات بەڕێز وەستا رەسوڵ، چەند لێدوانێکی بێ بنەماو ناڕاستی بڵاوکردۆتەوە ئێمە لەم راگەێیندراوەدا بە پێویستی دەزانین راستیەکان روون بکەینەوە بۆ رایگشتی و هێزی پێشمەرگەی کوردستان
تەنها لەپێناو دەرخستنی بەرێوەچوونی کاروبارەکانی وەزارەتی پێشمەرگە وەڵامی ئەوچەواشەکارییە دەدەینەوە.
١- دەربارەی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەرانی فەرماندەیی هێزەکانی حەفتا، وەزارەتی پێشمەرگە بە یەک لیست ساڵانە لە مانگی ئادارو ئەیلولدا سەرجەم خشتەکانی پلەبەرزکردنەوە ئامادە دەکات و ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیرانی دەکات. (ساڵانی پێشوو پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەران بۆ ماوەی چەند ساڵ راگیرابوو و ئەفسەرانی هێزی پێشمەرگە بێبەشبوون لە مافی پلەبەرزکردنەوەیان) بە هەوڵی تیمی باڵای وەزارەت توانراوە کاری جددی لەسەر خشتەکانی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەران بکرێت بەکۆی گشتیی لە ساڵی ٢٠١٩وە تا ئەمڕۆ زیاتر لە ٢٠ خشتەی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەران کە لەوەوپێش کەڵەکەببون و نەکرابوون لە وەزارەت، توانراوە پلەکانیان بەرزبکرێتەوەو پلەیی شایستەی خۆیان وەربگرن. لەئێستاشدا چەند خشتەیەکی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەران ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیران کراوەو کارەکانیان تەواوبووە چاوەروانین بەم نزیکانە بگەڕێنەوە وەزارەتی پێشمەرگە. بەم هەنگاوە بەردەوامانە توانیومانە دۆخی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەران لە وەزارەتی پێشمەرگە بخەینەوە سەر راستەڕێی یاسایی و ئاسایی خۆی.
لە وەزارەتی پێشمەرگە بۆ پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەران کۆمەڵێک بنەماو مەرج و رێنمایمان داناوە کە لەو چوارچێوەیەدا ئەفسەران پلەیان بەرزدەبێتەوە وەکو تر هیچ ئەفسەرێک لە دەرەوەی رێنمایی و مەرجە یاساییەکان و بەبێ پایە، شایستەی پلەبەرزکردنەوەی جێبەجێ ناکرێت. بەمەش کۆتایی بە پلەبەرزکردنەوەی بەلێشاو و نایاسایی و ناسەربازیی هاتووە لە وەزارەتی پێشمەرگەدا.
٢- دەربارەی ڕاگرتنی نوسراوەکانی هێزەکانی حەفتا لەناو بەشە کارگێرییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، رایدەگەیەنین ئەم بابەتە دوورە لە ڕاستی نوسراوەکانی هێزەکانی حەفتا کاری یاسایی خۆیی لەسەردەکرێت هەر نوسراوێکیان هەبێت لە چوارچێوەی یاسا و رێنماییەکاندا جێبەجێ دەکرێت و کراوە.
٣- دەربارەی جیاوازی لە پێدانی ئازووقە بۆ فیرقەی یەک و دوو لێرەوە رایدەگەیەنین؛ هیچ جیاکاریەکی بنەڕەتی لە وەزارەتی پێشمەرگە بوونی نیە، هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سەرجەم ماف و شایستەکانیان یەکسانن و بەبێ هیچ جیاوازییەک ئەوەی لەبەردەستی وەزارەتی پێشمەرگەدا بێت بەسەر هەموو یەکە سەربازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگەدا دابەشکراوە.
٤- بەڕێز وەزیری پێشمەرگە، پارێزەری ماف و شایستەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەو جێبەجێکارێکی سەرسەختی پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەو رێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستانە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا، لەگەڵ دەستبەکاربوونی هەتاکو ئەمڕۆ بەردەوام سەرپەرشتی پرۆسەی چاکسازی و هەنگاوەکانی یەکخستنەوەی پێشمەرگە دەکات، پێداگرەو ویستی جددیی و ئیرادەیەکی نیشتیمانی بەهێزی هەیە بۆ سەرخستنی پرۆسەی چاکسازی و دامەزراندنی ژێرخانی سەربازی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و بنیاتنانی ناوچەکانی سەرکردایەتی و فیرقەکان لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا. بە چاودێری و بەدواداچوونی بەردەوامی بەڕێز وەزیری پێشمەرگە توانراوە پرۆسەی چاکسازی قۆناغی زۆرباش ببڕێت و ببێت بە بنەماو بەرنامەی کارکردن لە وەزارەتی پێشمەرگەو یەکخستنەوەو رێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە ببێتە واقع و دەرئەنجامی زۆرباش بەدەست بهێنرێت.
ئێستا وەزارەتی پێشمەرگە لە قۆناغێکی بەهێزو سەرکەوتوودایە وەک یەک تیمی پێکەوەیی کاردەکەین بۆ گەیشتن بە ئامانجە باڵاکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و بنیاتنانی سوپایەکی یەکگرتووی کوردستانی. پێویستیشمان بە پشتیوانی و پاڵپشتی هەمووان هەیەو دەبێت هاوکارمان بن لەو ئەرکە سەختەی پێمان سپێردراوە نەک سەنگەری دژایەتیمان لێ بگرن.
دەبوو بەڕێز وەستا رەسوڵ، بە ویژدان و روحیەتێکی بەرپرسانە باسی لە بەرەوپێشووچوونەکانی وەزارەتی پێشمەرگەو ئەو دەستکەوتانە بکردایە نەک لە کەناڵێکی راگەیاندن دژی وەزارەتی پێشمەرگەو ئەو دەستکەوتانە کە بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەدەست هاتوون قسە بکەن.
دڵنیاین خەڵكی نیشتمانپەروەری کوردستان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان زۆر لەوە هۆشیارترو بەرچاوروونترن کە بڕوا بەو چەواشکارییە نابەرپرسانەیە بکەن کە بەمەست بڵاودەکرێنەوە.