ئاژانسێكی عێراقی : ئەمڕۆ خشتەی مووچە بڵاودەکرێتەوە
  2025-03-26       307       

ئاژانسی (بەغداد ئەلیەوم) بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ زیاتر لە 954 ملیار دینار دەخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێم و راستەوخۆ خشتەی مووچە رادەگەیەندرێت.

ئاوێنە: سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ئاژانسەکەی راگەیاند، وەزارەتی دارایی عێراق وردبینی لە لیستی مووچەی مانگی سێی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تەواوکردووە و ئەمڕۆ چوارشەممە، زیاتر لە 950 ملیار دینار دەخرێتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی هەرێم.

دەشڵێت، دەستبەجێ دارایی هەرێم خشتەی مووچەی مانگی سێ بڵاودەکاتەوە و تاوەکو رۆژی شەممە، مووچەی سەرجەم مووچەخۆران دابەشدەکرێت.

دوێنێ سێشەممە، وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێم رایگەیاند، رێکارەکانی ناردنی تەمویلی مووچە کە بڕەکەی 954 ملیار و 880 ملیۆن و 467 هەزار و 779 دینارە تەواوکرا و بڕیارە ئەمڕۆ، پارەکە بخرێتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتەکە.

هەر دوێنێ پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەگەر پارەکەی بەغداد بگاتە دەستمان، پێش جەژن مووچەی سەرجەم مووچەخۆران دابەشدەکەین.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×