2025-03-30   299     
ئەردۆغان رایدەگەیەنێت، کاتی ئەوە هاتووە دوور لە بەفیرۆدانی کات، پەکەکە گوێبیستی بانگەوازی ئاشتی بێت.
ئاوێنە: ئەمڕۆ یەکشەممە 30ی ئاداری 2025، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا پەیامێکی بەبۆنەی جەژنی رەمەزان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "بۆ پرۆسەی نوێی ئاشتی بەپێی نەخشەڕێگاکەمان بەردەوامین لەو کارانەی دەستمان پێکردووە بە ئامانجی تورکیای بێ تیرۆر".
ئاماژەی بەوەکرد، "دەوڵەت رێگەی دا بانگەواز بکرێت، ئێستا کاتی ئەوە هاتووە رێکخراوی چەکدار دوور لە بەفیرۆدانی کات، گوێبیستی بانگەوازەکە بێت و چاوەڕێ دەکەین رێکخراوەکە خۆی هەڵبووەشێنێتەوە و بە تەواوەتی چەک دابنێت".
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەشکردووە، "لەم رووەوە ئەوان خاوەنی کات و چاوەڕوانی بێسنوور نیین، پێویستە داواکاری بانگەوازەکە جێبەجێبکرێت، پێشهاتەکانی جیهانی و ناوچەیی و ناوخۆیی، ژینگەیەکی گونجاوتر لە جارانی بۆ کۆتاییهاتنی سەرکەوتووانەی پرۆسەکە هێناوەتە ئاراوە".
لە کۆتایی پەیامەکەی ئەردۆغان دەڵێت، "کاتێک بە ئامانجەکەیان دەگەن، بە تەواوی وڵاتەکەیان لە بەڵایەکی خوێناوی و سەختی 40 ساڵە رزگار دەبێت".