پاش ئەوەی لە ماوەی یەک مانگدا، چەند رووداوێکی کوشتن لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان ڕوویاندا و بە شێوەیەکی چڕ ڕووماڵی سەرجەم ڕووداوەکان کرا، ئەمڕۆ چوارشەممە 26ـی ئاداری 2025، داواکاری گشتیی سلێمانی بڕیاریدا بەوەی، "هەر کەناڵ و میدیایەک هەواڵی کوشتن رووماڵ بکات رووبەڕووی رێککاری یاسایی دەبێتەوە."
ئاوێنە: لە نووسراوێکی فەرمانگەی داواکاریی گشتیی سلێمانی کە ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتیی رۆشنبیری کردووە هاتووە، زۆرێک لە کەناڵەکان لەکاتی رووماڵکردنی رووداوێک بەتایبەت کوشتن بەبێ رەچاوکردنی ئیتیکی کاری رۆژنامەوانی و یاسا کارپێکراوەکان زانیاریی ناڕاست بڵاودەکەنەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم کارە کاریگەری لەسەر دەروونی هاوڵاتیان، رەوتی لێکۆڵینەوەکان و ئاڕاستەکردنی رای گشتیی دەبێت.
داوایشکردووە، دەزگاکانی راگەیاندن پابەندبن بە خۆبەدوورگرتن لەو جۆرە هەواڵانە، بە پێچەوانەوە رێککاری یاساییان لە دژ دەگیرێتەبەر.
