پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، كەسێك بە دەمامكەوە هەڵیكوتانەوە سەر ماڵێك لە ژنی ماڵەكەی داوەو ملوانكەی زێڕی ملی ژنەكەی دزیوەو ماڵەكەشی سوتاندوە، دواتر ئاشكرا بوە كە كوڕی ماڵەكەیەو بۆ شاردنەوەی تاوانەكەی لە كۆڵانی خۆیان داوای هاوكاری كردوە كە ماڵەكەیان سوتاوە.
ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر، لە راگەیەندراوێكدا وتی، دوای ئەوەی ئاگادارکراینەوە کە لە گەڕەکی (هەولێری نوێ) ڕوداوێکی سوتان و هەڵکوتانە سەر ماڵێک ڕوی داوە، دەستبەجێ تیمەکانمان گەیشتنە شوێنی ڕوداو، بەوتەی خاوەن ماڵەکە، کەسێک هاتوەتە سەر ماڵیان و دزی لێ کردون و لە ئافرەتی ماڵەکەی داوە و پاشان ماڵەکەی سوتاندوە.
كەسەكە وەك لەو ڤیدیۆیەدا دەردەكەوێت كە لەلایەن پۆلیسی هەولێرەوە بڵاوكراوەتەوە كەسەكە دەمامكدار بوە، پۆلیسی هەولێر وتویەتی، پاش لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس، بۆمان دەرکەوت کە تۆمەتبار کوڕی ماڵەکەیە و دوای ئەوەی ماڵەکەی سوتاندوە و لە دایکی داوە و ملوانکەی زێڕی ملی دایکی پچڕاندوە و دزیویەتی، پاشان لە کۆڵانی خۆیان داوای هاوکاریی کردوە کە ماڵەکەیان سوتاوە، بۆئەوەی تاوانەکەی بشارێتەوە.
بەپێی راگەیەندراوەكە، لە ماوەی کەمتر لە چەند کاتژمێرێکدا تۆمەتبارەكە ئاشکرا کراوەو لە ئێستادا بە بڕیاری دادوەی لێکۆڵینەوە دەستگیر کراوەو پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوەو دانیشی بە تاوانەکەیدا ناوە و لێکۆڵینەوە لە ڕوداوەکەش بەردەوامە.
بۆ بینینی ڤیدیۆكە لێرە كلیك بكە