ئەو 100 هەزار دینارەی لەموچەی خانەنشینان بڕابوو، بۆ ئەم مانگەش بۆیان ناگەڕێتەوە
  2025-03-26       878       

ئەو 100 هەزار دینارەی لەموچەی خانەنشینان بڕابوو، بۆ ئەم مانگەش بۆیان ناگەڕێتەوە، به‌گوێره‌ى زانیارییه‌كان، هۆکارەکەی ئەوەیە تائێستا سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕەزامەندی لەسەر خەرجکردنی ئەو بڕە پارەیە نەداوە، سه‌باره‌ت به‌و خانه‌نشینانه‌ش كه‌ مانگى حه‌وتى ساڵى ڕابردوو خانه‌نشین بون، زانیارییه‌كى نوێ له‌باره‌ى موچه‌كانیانه‌وه‌ ئاشكراده‌كرێت، هاوكات ئه‌وه‌ش ئاشكراكراوه‌، موچه‌ى توێژێك له‌سنورى پارێزگاى سلێمانى ده‌كه‌وێته‌ دواى جه‌ژن.

ئاوێنە: بەبریاری محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، پێشتر مانگانە بڕە پارەیەک وەک هاوکاری بژێوی ژیان بۆ خانەنشینانی مەدەنی خەرجدەکرا، بەڵام لە1ى 1ى 2025وه‌ ئەو بڕە پارەیە لەخانەنشیان بڕاوەو خانه‌نشینانیش له‌چاوه‌ڕوانى دوباره‌ بڕیاری خەرجکردنه‌وه‌ى ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌دان.

میدیاى فه‌رمى گۆڕان ئاشكرایكردوه‌، سەبارەت بەو خانەنشینانەی لەمانگی حەوتی ساڵی ڕابردوەوە خانەنشینبون‌و تائێستا موچەیان بۆ نەبەستراوە، لەدوو مانگی داهاتودا موچەکانیان بۆ دەبەسترێت، چونکە ڕێکارەکانی بەستنی موچەی خانەنشینان تەواو نەبوەو بۆ هەر مانگێک مامەڵەی شەش بۆ حەوت هەزار خانەنشین تەواو دەکرێت.

له‌و هه‌واڵه‌دا هاتوه‌، "ئەگەر خانەنشینەکە تەمەنی لەسەرو 45 ساڵەوە بێت‌و زیاتر لە 25 ساڵ خزمەتی هەبێت، ئەوا 18 موچە وەردەگرێت 12 موچەیان بەتێکڕاو شەش موچەشی تەنها بنەڕەتییەکەی وەردەگرێت، هەروەها ئەو خانەنشیانەی لە 25 ساڵ کەمتر خزمەتیان هەیە‌و تەمەنیان کەمترە لە45 ساڵ ئەوا شەش موچەی تێکڕا وەدەرگرن".

جه‌خت له‌وه‌شكراوه‌ته‌وه‌، خانەنشینانی هێزەکانی 70 تائێستا موچەکانیان لەلایەن بەغداوە بۆ نەبەستراوە لەموچەی مانگی ئاداریش بڕی سێ ملیار دینار بۆ موچەی ئەو خانەنشیاننە نەنێردراوە، بۆیە بۆ ئەم مانگەش لەداهاتی ناوخۆ پارەیان بۆ دابیندەکرێت‌و دابەشکردنی موچەکانیان دەکەوێتە دوای جەژن.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×