"ئەوانەی ئەمساڵ خانەنشینبون، زۆرینەیان مانگی سێ موچە وەرناگرن"
  2025-03-25       263       

به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ى ئاشكراكراون، ئەوانەی ئەمساڵ خانەنشینبون، زۆرینەیان مانگی سێ موچە وەرناگرن، وتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانیش زانیاریى زیاتر له‌وباره‌یه‌وه‌ ئاشكراده‌كات، ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "زۆرینه‌ى ئه‌وانه‌ مانگه‌كانى یه‌ك‌و دو-شیان وه‌رنه‌گرتوه‌، ئه‌م مانگه‌ش موچه‌یان پێنادرێت".

ئاوێنە: سادق شێخ عوسمان وتەبێژی یەکێتیی خانەنشینان ئاشكرایكردوه‌، "بەهۆی تەواونەبونی مامەڵەکانیان، زۆرینەی ئەوانەی ئەمساڵ خانەنشینبون، موچەی مانگی ئاداریش وەرناگرن، دوو مانگی ڕابردوش کەمترین خانەنشین مامەڵەیان تەواوکراوە بۆ ئەوەی لەمانگی سێدا موچەیان بۆ ببەسترێت؛ هۆکاری وەرنەگرتنی موچەش هەر ئەوەیە".

بەوتەی سادق شێخ عوسمان، "لەزیاتر لە 10 هەزار خانەنشین لەپارێزگای سلێمانی، کەمتر لە 200 کەسیان مامەڵەی خانەنشینییان تەواوکراوەو بۆ مانگی سێ موچە وەردەگرن".

ئه‌وه‌شى وت، "بەڕێوەبردنی مامەڵەی خانەنشینان خاو بەڕێوەدەچێت، سەرەتا بڕیارێک درا کە بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینانی پارێزگاکان خۆیان مامەڵەکان بکەن، دواتر کاری پێنەکرا، ئێستا دەبێت بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینانی پارێزگاکان هەمویان مامەڵەکان ببنەوە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشین لەهەولێر بۆ تەواوکردنی کارەکان، ئەوەش ڕێوشوێن‌و کاتی زیاتری پێویستە".

زیاتر له‌وباره‌یه‌وه‌ وتەبێژی یەکێتی خانەنشینان ڕایگه‌یاند، "ئەوانەی ئەمساڵ خانەنشینبون‌و مامەڵەکەیان تەواوکراوە، لەگەڵ موچەی مانگی سێدا، موچەی مانگەکانی یەک‌و دوش پێکەوە وەردەگرن، واته‌ ده‌مه‌وێت بڵێم، موچەی کەس نافەوتێت؛ هەر خانەنشینێک مانگەکانی داهاتوش مامەڵەکەی تەواو بکرێت‌و موچە وەربگرێت، موچەی هەموو ئەو مانگانەش پێکەوە وەردەگرێت کە تاوەکو ئەوکاتە وەرینەگرتوە".

بەگوێرەی یاسای خانەنشینیی یەکگرتوى عێراق، ئەمساڵ لەدایکبوانی ساڵانی 1962، 1963و 1964 خانەنشینبون.

دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق ڕۆژی 22ى 11ى 2022 حکومەتی هەرێمى بۆ بەجێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتوی عێراق، ژمارە 9ی ساڵی 2014 پابەندکرد، بەڵام تاوەکو موچەی مانگی تەمموزی 2024 جێبەجێنەکرا.
 
ئەمساڵ تاوەکو ئەمڕۆ موچەی مانگەکانی یەک‌و دوو دابەشکراوە، بەگوێرەی وەزارەتی دارایی‌و ئابوریی هەرێم، ڕێوشوێنەکانی وەرگرتنی موچەی مانگی ئاداریان تەواوکردوەو چاوەڕێی حکومەتی عێراقن بۆ خەرجکردنی پارە، لەهەرێمی کوردستانیش نزیکەی 160 هەزار خانەنشینی شارستانی هەن؛ نزیکەی 70 هەزاریان خانەنشینی سەربازین.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×