پێنج شه‌ممه‌, 27 ی ئازار , 2025
فوئاد حسێن و وەزیری دەرەوەی ئێران باسیان لە ناوەڕۆکی نامەکەی دۆناڵد ترەمپ کرد
  2025-03-25       299       

فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دوایین پێشهاتەکانی غەززە و لوبنانیان تاوتوێ کرد.

ئاوێنە: لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، "ئێوارەی رۆژی دووشەممە 24ی ئاداری 2025، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ، فوئاد حسێن، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق ئەنجامدا".

 ئاماژە بەوەکراوە، "هەردوولا دوایین پێشهاتەکانی غەززە و لوبنانیان تاوتوێ کردووە لە پاشخانی پێشێلکردنی ئاگربەست لەلایەن ئیسرائیلییەوە، جگە لە هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر یەمەن".

وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "وەزیری دەرەوەی ئێران نیگەرانی خۆی لەم پێشهاتانە دەربڕی، هەروەها کورتەیەکی ناوەڕۆکی پەیامەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، بۆ ئایەتوڵلا خامنەیی، رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، بۆ هاوتا عێراقییەکەی باس کرد و جەختی لەوە کردەوە کە حکومەتی ئێران وەڵامی پەیامەکە دەداتەوە".

فوئاد حسێن، نیگەرانی خۆی لە پەرەسەندنی گرژییەکانی ناوچەکە دەربڕی، هەنگاوی پێداچوونەوەی بە ناوەڕۆکی نامەکەی سەرۆک ترەمپ بەرزنرخاند و هیوای خۆی دەربڕی کە ئاڵوگۆڕی نامەکە یارمەتیدەر بێت بۆ کردنەوەی دەرگاکانی گفتوگۆ لە نێوان هەردوولادا.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×