كۆبونەوەكەی پەرلەمانی عێراق جارێكی تر دواخرا
  2025-03-26       191       

كۆبونەوەكەی ئەمشەوی پەرلەمانی عێراق كە یەكێك لە بڕگەكانی دەنگدان بو لەسەر پڕۆژە یاسای بەپارێزگابونی هەڵەبجە، بەهۆی تەواو نەبونی نیسابی یاسایی جارێكی دیكە دواخرا. پەرلەمانتارێك دەڵێت، دانیشتنەكە بۆ دوای جەژنی رەمەزان هەڵگیرا.

ئاوێنە: بڕیار بو ئەمشەو چوارشەممە، دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت، یەكێك لە بڕگەكانی دانیشتنەكەش دەنگدان بو لەسەر پڕۆژە یاسای بەپارێزگابونی هەڵەبجە.

فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق لە راگەیەندراوێكدا وتی، دانیشتنەكەی ئەمشەوی پەرلەمان دواخرا، بەبێ ئەوەی هیچ وادەیەكی نوێ بۆ دانیشتنەكە دیاری كرابێت.

لای خۆیەوە د. بڕیار رەشید، پەرلەمانتاری كورد لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، دانیشتنەكانی پەرلەمان بۆ دوای جەژنی رەمەزان هەڵگیران.

شەوی رابردوش دانیشتنی پەرلەمانی عێراق كە یەكێك لە بڕگەكانی دەنگدان بو لەسەر پڕۆژە یاسای بەپارێزگابونی هەڵەبجە، بەهۆی تەواونەبونی نیسابی یاسایی بۆ ئەمشەو دواخرا.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە پێشتر سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، فراكسیۆنە كوردییەكان كۆبونەوەو بڕیاریاندا ئەگەر کۆبونەوەی ئەمشەو(چوارشەممە)ی پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەر بەپارێزگابونی هەڵەبجە نەکرێت، بەشداری هیچ کۆبونەوەیەکی دیکەی پەرلەمانی عێراق ناکەن تاکو دەنگ بەپارێزگانونی هەڵەبجە دەدرێت.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×