جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە عێراق ڕایگەیاند، رێگەنادرێت هیچ كەس تۆماری دەنگدانی خۆی بۆ كەركوك بگوازێتەوە.
جومانە غەلای لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 29 ملیۆن هاووڵاتیی مافی دەنگدانیان هەیە، کە یەک ملیۆن دەنگدەریان ئەوانەن کە بۆ یەکەمجارە دەتوانن دەنگ بدەن.
باسی لەوەشکرد، قۆناغی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران دەستیپێکردووە، بۆ ئەو مەبەستە لەسەرانسەری عێراقدا هەزار و 70 بنکە کراونەتەوە.
ئاشکراشیکرد، لەسەر هەر دەنگدەرێک پێویستە ناو و داتاکانی لە لیستی دەنگدەراندا نوێبکاتەوە و دڵنیاببێتەوە لێی.
سەبارەت بە گواستنەوەی تۆماری دەنگدەران لە پارێزگایەکەوە بۆ پارێزگایەکی دیکە، غەلای جەختیکردەوە، تەنها رێگا بە گواستنەوەی تۆماری دەنگدان بۆ پارێزگای کەرکوک نادرێت.