كۆمارى ئیسلامى ئێران وهڵامى دۆناڵد ترهمپ دهداتهوهو وەزیری دەرەوەی ئێرانیش ڕونكردنهوه دهداتو ڕایدهگهیهنێت، "وەڵامی نامەکەی ترەمپ نزیکە لهئامادەكردنو بەمزوانە بەشێوەیەکی گونجاو لەڕێگەیەکی گونجاوهوه وەڵامەکە دەگەیەنرێت"، دهشڵێت:"بەڵام هەرگیز لەژێر فشار دانوستانی ڕاستەخۆ لەگەڵ ئەمریکا ناکەین".
ئاوێنە: عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لەکۆنگرهیهكى ڕۆژنامهوانیدا لەگەڵ ئارارات میزۆریان وەزیری دەرەوەی ئەرمینیا، لەبارەی وەڵامدانەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ نامەکەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ڕایگهیاند، "هێشتا وەڵامی نامەکەی ترەمپ نەدراوەتەوە، بەڵام نزیکە ئامادە دەکرێتو بەمنزیکانەو بەزویی لەڕێگەیەکی گونجاو بەشێوەیەکی گونجاو وەڵامی سەرۆکی ئەمریکا دەدەینەوە".
وتیشی:"ئێمە لەژێر کاریگەرترین فشارو مەرجەکانی ئەمریکاداین، ڕەنگە ڕوبەڕوی هەڕەشەی هێزی سەربازییو سەپاندنی سزا زیاتری ئابورییەکان ببینەوە، بەڵام ئامادەنین لەگەڵ ئەمریکا دانوستانی ڕاستەخۆ بکەین، تەنها ئامادەین لەبارەی بەرنامەی ئاشیانەی ئەتۆمیو ڕەخساندنی هەلێکی ڕونو ئاشکرا دانوستان بکەین، لەم چوارچێوەیەشدا ئێستا لەگەڵ سێ وڵاتی ئەوروپیو وڵاتانی دیکەی پەیوەندیدار بەدانوستانەکان، گفتوگۆمان بەردەوامە، چونکە ئێران هیچکات مێزی دانوستانەکانی جێنەهێشتوەو جێشناهێڵێت".
عراقچی ئەوەشی ڕاگەیاند، وڵاتەکەی بڕوای وایە ئاڵۆزییو کێشەو گرفتەکانی ناوچەکە لەڕێگەی دیپلۆماتیو گفتوگۆوە چارەسهربکرێن، ئێران دژی هەر جۆرە هێرشو ڕوبەڕوبونەوەیەکی سەربازین لەناوچەکەدا".
سەرەتای ئەم مانگە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لەچاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز وتى:"لەبارەی ڕێککەوتن لەسەر پرسی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، نامەیەکی بۆ عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێرانی ناردوە".
ترەمپ وتی:"لەنامەکەدا هیوامخواستوە کە بێن دانوستاندن لەبارەی پرسی ئەتۆمی بکەن، چونکە ئەمە تاکە ڕێگەیە بۆ ئێران باش بێت، چونکە هەرگیز ڕێگە نادەین، ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی".