حکومەتی هەرێم: حکومەتی عێراق سەروەریی خاکەکەی بپارێزێت‌و په‌كه‌كه‌ بکاتە دەرەوە
  2024-07-13       470       
پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێم


وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کورستان به‌پێویستی‌ ده‌زانێت كه‌ حکومەتی عێراق سەروەریی خاکەکەی بپارێزێت‌و ئەو گروپانەی پاساویان داوەتە دەست تورکیا بکاتە دەرەوە.

ئاوێنه‌: پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کورستان له‌به‌رنامه‌یه‌كی‌ ته‌له‌فیزیۆنیدا ڕایگه‌یاند، "پێویستە لەسەر پەکەکە پاساو نەداتە دەست تورکیا تاوەکو بڕواتە ئەو گوندانەی کە هیچ پەیوەندییەکیان بە خەباتی پەکەکەوە نییە."

بەوتەی پێشەوا هەورامانی، پارتی کرێکارانی کوردستان-په‌كه‌كه‌- "بووەتە هۆی دەربەدەرکردنی خەڵکی هەرێمی کوردستان، ئەگەر تورکیا پاساوی پەکەکەی نەبێت نایەتە ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان."

وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کورستان باس لەوە دەکات، "پێویستە حکومەتی عێراق سەروەریی خاکەکەی بپارێزێت و ئەو گروپانەی پاساویان داوەتە دەست تورکیا بکاتە دەرەوە."

پێشەوا هەورامانی دەشڵێت، "شوێنی پەکەکە ئەو ناوچانەیە کە خەڵکی باکوری کوردستانی لێیە، نەک گوندو نزیک لەشارەکانی هەرێمی کوردستان"، هەروەها دەپرسێت، "نازانم پەکەکە لەشارباژێڕ، گەرمیان، شنگال، ئامێدی و بادینان چی دەکات؟".

پێشەوا هەورامانی داوا لەحکومەتی عێراق دەکات، گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی تورکیادا بکەن و "بیانوی بونی پەکەکە لەهەرێمی کوردستان کۆتایی پێبهێنن."

وتەبێژی حکومەتی هەرێم به‌پێویستی‌ ده‌زانێت كه‌ لەناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان هێزەکانی پێشمەرگە یاخود پاسەوانی سنوری عێراق هەبن، تا سنورەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق نەبنە شوێنی یەکلاییکردنەوەی کێشەکان."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×