بەغدا 10 ملیار دیناری دیكەی پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێمی نارد
  2024-07-13       158       

بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، چەکی 10 ملیار دیناری دیکەی پارەی گەنمی ئەمساڵی جوتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگیراوە و هەوڵ دەدرێت ئەم هەفتەیە دابەشبکرێت.

ئاوێنە: نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە، لە لێدوانێكدا وتی "بەغدا چەکی بەشێکی دیکەی پارەی گەنمی جوتیارانی بۆ هەرێمی كوردستان نارد کە بڕەکەی 10 ملیار دینار دەبێت. کۆی گشتیی ئەو پارەیەی تاوەکو ئێستا بۆ گەنمی ئەم ساڵی جوتیارانی هەرێمی کوردستان نێردراوە دەگاتە 70 ملیار دینار."

 وتیشی"جگە لەوەی چەکەکەی گەیشتوە، دەست بە رێکارە کارگیڕییەکانیش کراوە. هەوڵ دەدەین ئەم هەفتەیە ئەو پارەیە دابەش بکرێت."

 لەو بڕەی كە نێردراوە، 3 ملیار دیناری بۆ جوتیارانی پارێزگای هەولێر، 5 ملیار دیناری بۆ جوتیارانی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و 2 ملیار دیناریشی بۆ جوتیارانی پارێزگای دهۆك دەبێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×