توركیا بۆردومانی سنوری قەزاكانی پشدەر، شارباژێر، پێنجوێن و ئامێدی كرد
  2024-07-03       426       

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، سوپای توركیا لەڕێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و فڕۆكەی جەنگییەوە بۆردومانی سنوری قەزاكانی پشدەر، شارباژێر، پێنجوێن، ئامێدی و بناری قەندیلی كرد.

ئاوێنە: كامەران عوسمان، ئەندامی تیمی كوردستانی عێراقی رێكخرای سی پی تی ئەمریكی لە راگەیەندراوێكدا وتی، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، سوپای تورکیا بۆردومانی گوندەکانی (شێخەڵمارێن و بناویان)ی لە قەزای شارباژێر و گوندی (ساڵیاوا)ی لە قەزای پێنجوێن کرد.

وتوشیەتی، لەو بۆردومانانەدا هیچ هاوڵاتییەکی مەدەنی نەبوەتە قوربانی.

كامەران عوسمان وتویەتی، هەر ئێوارەی ئەمڕۆ سوپای تورکیا لە ڕێگەی فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە سێ جار بۆردومانی دەوروبەری گوندی زێوکەی کرد لە قەزای پشدەرو بۆردومانەکان بۆ سەر خڕێ شاخی، چیای جاسوسان و شاخی گەنم ئاوی، بون لە دەوروبەری گوندی زێوکە.

وتوشیەتی، دو لە بۆردومانەکان لە ڕێگەی فڕۆکەی جەنگییەوە بون و بۆردومانەکەی تریش لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە بوەو هیچ هاوڵاتییەکی مەدەنی نەبوونەتە قوربانی بۆردومانەكان.

گوندی زێوکە، دەکەوێتە قەزای پشدەر و لە ئێستادا 12 خێزان لەو گوندەدا دەژین. 

بەگوێرەی زانیارییەكان هەر ئێوارەی ئەمڕۆ فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا چەند شوێنێکی بناری قەندیل و زنجیرە چیای مەتینایان لە سنوری قەزای ئامێدی كردوە.

لە ئەنجامی بۆردومانەكەی سوپای توركیا بۆ سەر بناری قەندیل ئاگرێکی گەورە لە پوش و پاوانى سنورەکە کەوتوەتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×