ئاسایشی سۆران: جادوگەرێك دەستگیركرا كە بانگەشەی درێژكردنی باڵای كردوە
  2024-07-02       265       

ئاسایشی سۆران رایگەیاند، لە خەلیفان "جادوگەرێك"یان دەستگیركردوە كە خۆی بە شێخ ناساندوە و لە ڕێگەی دوعاوە بانگەشەی چارەسەری نەخۆشییە دەرونییەکان، جەڵتەی دڵ و مێشک، گەدە، گورچیلە و هۆرمۆنی جەستەی كردوە بە تایبەتی درێژکردنی باڵا.

ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سۆران، ئەمڕۆ سێشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، ڕێکەوتی 30ی 6ی 2024، سەعات 9ی شەو، لەلایەن بەشی ئاسایشی قەزای خەلیفان کەسێک دەستگیر کرا کە بە ئەسڵ خەڵکی وڵاتی ئێرانە و نزیکەی 20 ساڵە لە هەرێمی کوردستان دەژی.

ئەوەشی خستۆتەڕو، "ئەم کەسە خۆی بە شێخ ناساندوە و لە ڕێگەی دوعاوە چارەسەری نەخۆشییە دەروونییەکان و جەڵتەی دڵ و مێشک و گەدە و گورچیلە و هۆرمۆنی جەستە دەکات بە تایبەتی درێژکردنی باڵا، بەڵام دوای لێکۆڵینەوە دەرکەوت کەسێکی جادوگەرەو لە ڕێگەی فێڵکردنەوە پارەی لە خەڵک وەرگرتوە بە ناوی چارەسەرکردنی نەخۆشییە دەرونییەکان پەیوەندی نزیکی لەگەڵ چەندین ئافرەت دروستکردوە و بڕی 500 دۆلاری لە چەندین کەس وەرگرتوە بۆ درێژکردنی باڵایان و لە ناو مۆبایلەکەیدا چەندین وێنەی ئافرەت هەبو."

ئاسایشی سۆران ئاماژەی بەوەشداوە "لە ئێستادا تۆمەتبار (ح. ڕ. د.) بە پێی مادەی 456 لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە و  لێکۆڵینەوە لەگەلی بەردەوامە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×