وەزیری پێشمەرگە: کێشەی ئەو هێزانە چارەسەر دەکەین، کە بێبەشبون لە هاوکاری دارایی هاوپەیمانان
  2024-07-02       217       

شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە رایگەیاند، كێشەی ئەو هێزانە چارەسەر دەكەین كە بێبەشبون لە هاوكاری دارایی هاوپەیمانان تاكو هێزەكانی پێشمەرگە بەگشتی سودمەند بن لەو هاوکارییە داراییەی مانگانە دەبەخشرێت.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی پێشمەرگە، ئەمڕۆ سێشەممە، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە، سەرپەرشتی کۆبونەوەیەکی باڵای  نێوان وەزارەتی پێشمەرگەو تیمی ڕاوێژکارانی سەربازیی هاوپەیمانانی لە هەرێمی کوردستان  کرد.

بەپێی راگەیەندراوەكە، لەو کۆبونەوەیەدا، کە فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، لیوا روکن بەختیار محەمەد، ئەمینداری گشتیی وەزارەت و ئەفسەرانی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە ئامادەی بون، وەزیری پێشمەرگە بە گرنگییەوە باسی لە هەنگاوەکانی پڕۆسەی چاکسازی و داڕشتنەوەی کارنامەی وەزارەتی پێشمەرگە کردو رایگەیاند”چاکسازی پڕۆسەیەکی جدییە و قۆناغی گرنگی ئەو پرۆسەیە جێبەجێ کراوەو تائێستاش بەردەوامە، ئەمەش بە هاوکاری و پشتیوانی دۆستەکانمان لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی تاوەکو سەرخستنی پڕۆسەی چاکسازی و بنیادنانی هێزێکی تۆکمەی نیشتمانی."

لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، هەر لەو کۆبونەوەیەدا، وەزیری پێشمەرگە، بە گرنگیەوە تاوتوێی کێشەکانی چەند لیوا و فەوجێکی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگەی کرد کە بێبەشبون لەو هاوکارییە داراییەی هاوپەیمانان بە هۆکاری چەند کێشەیەکی ئەمنی و تەکنیکی، لەمبارەوە وەزیری پێشمەرگە رایگەیاند"دەبێت بەزوترین کات کێشەکان چارەسەربکەین و گۆڕانکاری بکەین بە هاوکاری و هەماهەنگی هەمولایەک، تاکو پێشمەرگە قارەمانەکان بەگشتی سودمەند بن لەو هاوکارییە داراییەی مانگانە دەبەخشرێت بە پێشمەرگە."

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لە بەشێکی تری کۆبونەوەکەدا، کۆڵۆنێڵ مەکێنزی، بەرپرسی ڕاوێژکارانی سەربازیی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان، دەربارەی پڕۆسەی چاکسازی و داڕشتنەوەی کارنامەی وەزارەت وتی"ئێمە هاوکارو پشتیوانتان دەبین لەم پڕۆسە گرنگ و پڕبایەخەدا، هیوادارین پێشمەرگە ببێت بە هێزێکی پێشکەوتوی سەردەمیانە لەپێناو پاراستنی سنورو سەقامگیری هەرێمی کوردستان و ناوچەکە."

هەروەك لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژەی پێدراوە، لە کۆتایی کۆبونەوەکەدا، بەردەوامی پەیوەندییەکان و هەماهەنگی زیاتری نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و ڕاوێژکارانی باڵای هاوپەیمانان دوپاتکرایەوە، هەوڵ و هەنگاوەکان و کاری پێكەوەیی لە ئایندەدا گفتوگۆی لەبارەوە کرا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×