دادگای فیدراڵی لەبارەی سكاڵایەك كە لەسەر نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی تۆماركراوە كۆدەبێتەوە
  2024-06-28       555       

بڕیاره‌ رۆژی یەكشەممە دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بۆ بڕیاردان له‌بارەی سكاڵایه‌كی‌ وه‌زیری كۆچ و كۆچبه‌رانی‌ عێراق كۆبێتەوە كە لەسەر سه‌رۆكی‌ هه‌رێم، سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم و وه‌زیری‌ ناوخۆی هەرێم سه‌باره‌ت به‌ رێگریكردن له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ ئاواره‌ عێراقییه‌كان بۆ شوێنه‌كانی‌ خۆیان تۆماری كردوە.

ئاوێنە: به‌پێی‌ خشته‌ی‌ كاره‌كانی‌، بڕیارە رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ 30ی حوزه‌یران دادگای باڵای‌ فیدراڵی عێراق دانیشتنێكی تر سه‌باره‌ت به‌ سكاڵایه‌كی‌ ئیڤان فایه‌ق، وه‌زیری كۆچ و كۆچبه‌رانی‌ عێراق ئه‌نجام بدات كە سكاڵاكەی له‌سه‌ر هه‌ریه‌ك له‌ نێچیرڤان بارزانی‌ سه‌رۆكی هه‌رێم، مه‌سرور بارزانی‌ سه‌رۆك وه‌زیران و رێبه‌ری‌ ئه‌حمه‌د وه‌زیری ناوخۆی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان.

وه‌زیری كۆچ و كۆچبه‌رانی‌ عێراق له‌ سكاڵاكه‌یدا داوایكردوه‌ ئه‌و سێ‌ به‌رپرسه‌ باڵایه‌ی‌ هه‌رێم پابەندبكرێن به‌ داخستنی كه‌مپی ئاواره‌كان و پێكهێنانی لیژنه‌یه‌ك له‌ نێوان به‌غدا و هه‌ولێر بۆ جێبه‌جێكردنی بڕیاری ژماره‌ 24007ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق له‌ باره‌ی داخستنی كه‌مپی ئاواره‌كان.

 تا ئێستادا دو بڕیاری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق بۆ داخستنی كه‌مپه‌كانی‌ ئاواره‌كان له‌ هه‌رێم ده‌ركراوه‌ كه‌ یه‌كه‌میان 30ی حوزه‌یرانی دیاریكردبو، به‌ڵام بڕیاری دواتر كه‌ تایبه‌ت بو به‌ میكانیزمی داخستنیان واده‌كه‌ی بۆ 30ی ته‌مموز درێژكرده‌وه‌.

له‌ ئێستادا زیاتر له‌ 28 هه‌زار ئاواره‌ له‌ كه‌مپه‌كانی هه‌رێمی كوردستانن و نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌، هه‌ر ئاواره‌یه‌ك بگه‌ڕێته‌وه‌ وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌ران چوار ملیۆن دینار و سێ ئامێری ناو ماڵی ده‌داتێ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر تاوه‌كو 30 ته‌مموز نه‌گه‌ڕێنه‌وه‌ ئه‌و هاوكارییه‌یان نادرێتێ.

پێشتر ئیڤان فایه‌ق، وه‌زیری كۆچ و كۆچبه‌رانی عیراق رایگه‌یاندبو كه‌ "ژماره‌ی ئه‌و خێزانه‌ ئاوارانه‌ی تاوه‌كو ئێستا نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ شوێنی خۆیان ده‌گاته‌ 28 هه‌زار خێزان و سه‌رجه‌میان له‌ كه‌مپه‌كانی هه‌رێمی كوردستانن."

وه‌زیری كۆچ و كۆچبه‌رانی عیراق ده‌ڵێت: "كاركردن به‌رده‌وامه‌ بۆ داخستی كه‌مپه‌كانی پارێزگای سلێمانی به‌ته‌واوه‌تی تاوه‌كو 30ی ئه‌م مانگه‌، ژماره‌ی ئه‌و ئاوارانه‌ی له‌ كه‌مپه‌كانی ئه‌و پارێزگایه‌ن ده‌گاته‌ 3 هه‌زار خێزان."

وتیشی‌: "به‌ڵام گه‌ڕانه‌وه‌ی خێزانه‌ ئاواره‌كان له‌ كه‌مپه‌كانی پارێزگای دهۆك و هه‌ولێر له‌ ئێستادا قورسه‌، چونكه‌ رێگه‌ به‌ كارمه‌ندانی وه‌زاره‌ته‌كه‌مان نادرێت بچنه‌ ئه‌و كه‌مپانه‌".


 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×