بزوتنەوەی گۆڕان: هەڵبژاردن گرێكوێرەی كێشەكانی هەرێم ئاڵۆزتر نەكات
  2024-06-26       226       

بزوتنەوەی گۆڕان پێشوازی لە دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكات و داوا دەكات كە هەلومەرجێك بڕەخسێنرێت كە ڕەوایەتی پرۆسەکە و پاک و بێگەردی دەنگدان پارێزراوبێت تا هەڵبژاردن ببێتە وێستگەی چارەسەری کێشە و قەیرانە سیاسیی و ئیداری و دامودەزگایی و داراییەکان، نەک بە پێچەوانەوە گرێکوێرەی کێشەکان هەرێم ئاڵۆزتر بکات.

ئاوێنە: بزوتنەوەی گۆڕان، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی"پێشوازی لە دیاریکردنی کاتی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، لە (٢٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤) دەکەین."

ئەوەشی خستۆتەڕو"هیوادارین لەمپەڕە سیاسیی، یاسایی و تەکنیکییەکان؛ جارێکی دیکە نەبنەهۆی دواکەوتنی پڕۆسەکە و هەڵبژاردن لە کاتی دیاریکراودا ئەنجام بدرێت."

بزوتنەوەی گۆڕان داوای كردوە، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بەزویی هەستێت بە داڕشتنەوەی خشتەی زەمەنی پرۆسەکەو دەرفەت بدرێتە سەرجەم لایەنەکان بۆ سەرجەم قۆناغەکانی پرۆسەکە، بەتایبەت درێژکردنەوەی ماوەی تۆمارکردنی لیست و هاوپەیمانی و پێشکەشکردنی لیستی کاندیدەکان.

هەروەها داواشی كردوە، هەلومەرجێک بڕەخسێنرێت ڕەوایەتی پرۆسەکە و پاک و بێگەردی دەنگدان پارێزراوبێت، بەمەش هەڵبژاردن ببێتە وێستگەی چارەسەری کێشە و قەیرانە سیاسیی و ئیداری و دامودەزگایی و داراییەکان، نەک بە پێچەوانەوە گرێکوێرەی کێشەکان هەرێم ئاڵۆزتر بکات.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×