رێكخراوێك لە رۆژی جیهانی پاڵپشتی لە قوربانیانی ئەشكەنجەدا داوای پاڵپشتی لە قوربانیان دەكات
  2024-06-26       216       

سەنتەری پەرەپێدانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ، لە رۆژی جیهانی پاڵپشتیكردن لە قوربانیانی ئەشكەنجەو مامەڵەی نامرۆڤانەدا، نیگەرانی خۆی دەردەبڕێت لەوەی كە ئەو پرسە خەریكە دەبێتە پرسێكی تەواو پشتگوێخراو بەو بەڵگەیەی تا ئێستا لە عێراق و هەرێمی كوردستانیش هیچ یاسا و ڕێنمایی و ڕێكارێكی تایبەت نییە بۆ ڕێگریكردن لە ئەشكەنجە، ئەوەش وێڕای ئەوەی كە "ڕۆژانە بانگەشەی بونی ئەشكەنجەو مامەڵەی نامرۆڤانە دەکرێت لەلایەن قوربانیانی ئەشکەنجەوە."

ئاوێنە: سەنتەری پەرەپێدانی دیموكراسی و مافی مرۆڤ، ئەمڕۆ چوارشەممە 26ی حوزەیران كە رۆژی جیهانی پاڵپشتیكردنە لە قوربانیانی ئەشكەنجە و مامەڵەی نامرۆڤانە، لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی"بەوپەڕی نیگەرانییەوە ڕایدەگەیەنین بەرەنگاربونەوەو ڕێگریكردن لە ئەشكەنجە و مامەڵەی نامرۆڤانە خەریكە دەبێتە پرسێكی تەواو پشتگوێخراو، بەو بەڵگەیەی لە عێراق و هەرێمی كوردستانیش تا ئێستا هیچ یاسا و ڕێنمایی و ڕێكارێكی تایبەت نییە بۆ ڕێگریكردن لە ئەشكەنجە و مامەڵەی نامرۆڤانە لەگەڵ ئەوەی كە ڕۆژانە بانگەشەی بونی ئەشكەنجەو مامەڵەی نامرۆڤانە دەکرێت لەلایەن قوربانیانی ئەشکەنجەوە لەبەردەم دامودەزگا فەرمییەکان و ڕێکخراوە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەت لەقۆناغەكانی لێكۆڵینەوەی سەرەتایی لەتاوان."

ئەوەشی خستۆتەڕو"لەكاتێكدا جیهان ئەم یادە دەكاتەوە لە هەمان كاتدا ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربونەوەی مادەی هۆشبەرە، دەوڵەتان لەهەوڵی جدیدان بۆ ڕێگرتن لە ئەشكەنجە و مامەڵەی نامرۆڤانە لەبەرئەوەی لە ڕوی زانستییەوە كاریگەرییەكانی ئەشكەنجە سەردەكێشێت بۆ بەكارهێنانی مادەی هۆشبەر، بەڵام بەداخەوە لە هەرێمی كوردستان و عێراق هێشتا دەسەڵاتداران خەریكی هێنانەوەی بیانوی نالۆژیكین بۆ بونی ئەشكەنجە و مامەڵەی نامرۆڤانە."

سەنتەرەكە وتوشیەتی"بەگوێرەی سەرجەم جاڕنامە و ڕێككەوتننامە و پرەنسیپە نێودەوڵەتییەكان و دەستوری هەمیشەیی عێراق و یاسا بەركارەكان ئەشكەنجەدان بەهەمو شێوەیەك تاوانە بەشێوەی هەر تاوانێكی دیكە، بگرە قێزەونتریش لەبەرئەوەی ئەنجامدەرانی ئەشكەنجە بە حوكمی پلەی وەزیفی هەڵدەستێت بە ئەنجامدانی ئەم تاوانە، بەڵام ئەوەی جێگەی داخە لە هەرێمی كوردستان و عێراقیش ئەو ڕێكارە یاسایی و ئیداری و دادوەرییانەی بەرامبەر ئەنجامدەرانی ئەشكەنجە دەگیرێتەبەر لە پەنجەكانی دەست تێپەڕناكات."

هەروەها داواشی لە سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان بە تایبەت دەسەڵاتی دادوەری و داواكاری گشتی و وەزارەتی ناوخۆ و ئەنجومەنی ئاسایش و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ، كە بەتەنگ ئەم پرسەوە بێن بۆ ڕێگرتن لە ئەشكەنجە و مامەڵەی نامرۆڤانە و شكاندنی شكۆی مرۆڤ.

دەقی راگەیەندراوەكە:

ئەشكەنجە و مامەڵەی نامرۆڤانە هیچ ئامانجێكی لەپشتەوە نییە جگە لە شكاندنی كەرامەتی مرۆڤ

لە ساڵیادی ڕۆژی جیهانی پاڵپشتیكردن لە قوربانیانی ئەشكەنجە و مامەڵەی نامرۆڤانە، 26ی حوزەیران، بەوپەڕی نیگەرانییەوە ڕایدەگەیەنین بەرەنگاربونەوەو ڕێگریكردن لە ئەشكەنجە و مامەڵەی نامرۆڤانە خەریكە دەبێتە پرسێكی تەواو پشتگوێخراو، بەو بەڵگەیەی لە عێراق و هەرێمی كوردستانیش تا ئێستا هیچ یاسا و ڕێنمایی و ڕێكارێكی تایبەت نییە بۆ ڕێگریكردن لە ئەشكەنجە و مامەڵەی نامرۆڤانە لەگەڵ ئەوەی كە ڕۆژانە بانگەشەی بونی ئەشكەنجەو مامەڵەی نامرۆڤانە دەکرێت لەلایەن قوربانیانی ئەشکەنجەوە لەبەردەم دامودەزگا فەرمییەکان و ڕێکخراوە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بەتایبەت لەقۆناغەكانی لێكۆڵینەوەی سەرەتایی لەتاوان، سەرەڕای ئەوەی هەرێمی كوردستان وەک بەشێک لە عێراق لە ساڵی 2008ەوە باپەندبونی خۆی بۆ ڕێككەوتننامەی بەرەنگاربونەوەی ئەشكەنجە و مامەڵەی نامرۆڤانە دەربڕیوە بە یاسای ژمارە (30) ساڵی 2008 و لەسەرجەم ڕاسپاردە و تێبینییە نێودەوڵەتییەكان بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان ئاماژە بە پێویستی(ضرورەتی) بونی یاسایەك كراوە تایبەت بەم پرسە.

لەكاتێكدا جیهان ئەم یادە دەكاتەوە لە هەمان كاتدا ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربونەوەی مادەی هۆشبەرە، دەوڵەتان لەهەوڵی جدیدان بۆ ڕێگرتن لە ئەشكەنجە و مامەڵەی نامرۆڤانە لەبەرئەوەی لە ڕوی زانستییەوە كاریگەرییەكانی ئەشكەنجە سەردەكێشێت بۆ بەكارهێنانی مادەی هۆشبەر، بەڵام بەداخەوە لە هەرێمی كوردستان و عێراق هێشتا دەسەڵاتداران خەریكی هێنانەوەی بیانوی نالۆژیكین بۆ بونی ئەشكەنجە و مامەڵەی نامرۆڤانە.

بەگوێرەی سەرجەم جاڕنامە و ڕێككەوتننامە و پرەنسیپە نێودەوڵەتییەكان و دەستوری هەمیشەیی عێراق و یاسا بەركارەكان ئەشكەنجەدان بەهەمو شێوەیەك تاوانە بە شێوەی هەرتاوانێكی دیكە، بگرە قێزەونتریش لەبەرئەوەی ئەنجامدەرانی ئەشكەنجە بە حوكمی پلەی وەزیفی هەڵدەستێت بە ئەنجامدانی ئەم تاوانە، بەڵام ئەوەی جێگەی داخە لە هەرێمی كوردستان و عێراقیش ئەو ڕێكارە یاسایی و ئیداری و دادوەرییانەی بەرامبەر ئەنجامدەرانی ئەشكەنجە دەگیرێتەبەر لە پەنجەكانی دەست تێپەڕناكات بەپێچەوانەوە زۆرجار قوربانیان دوبارە دەبنەوە بە قوربانی ئەم پرسە و ڕوبەڕوی ئەشكەنجەدانی قورستر دەبنەوە لەپای ئەوەی ئاماژەیان بە ئازارەكانی خۆیان داوە.

ئێمە لەم یادەدا جگە لەوەی پاڵپشتی تەواوی خۆمان دوپات دەكەینەوە بۆ قوربانیانی ئەشكەنجە و مامەڵەی نامرۆڤانە، بە دەنگێكی بەرز داوادەكەین لەسەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان بە تایبەت دەسەڵاتی دادوەری و داواكاری گشتی و وەزارەتی ناوخۆ و ئەنجومەنی ئاسایش و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ، كە بەتەنگ ئەم پرسەوە بێن بۆ ڕێگرتن لە ئەشكەنجە و مامەڵەی نامرۆڤانە و شكاندنی شكۆی مرۆڤ، لەبەرئەوەی ئەشكەنجەدان جگە لەوەی تاوانێكە دژ بەشكۆی مرۆڤ و یاسا ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان لەگەڵ ئەوەشدا کاریگەری زۆر قوڵ و درێژخایەنی هەیە لەسەر قوربانیان و كەسانی چواردەوریان و زۆرجار ئەم ئەشکەنجەیە كاریگەری لەسەر كۆی ژیانی تایبەتی و خێزانی كەسی قوربانی بەجێ دەهێڵێت بەجۆرێك لە ژیان دوری دەخاتەوە كە ڕەنگە هەرگیز نەتوانێت ببێتەوە بە مرۆڤێكی ئاسایی ناو كۆمەڵگا، بۆیە ئەركی سەرشانی هەمومانە لەم یادەدا پاڵپشتی بكەین لە قوربانیان و ڕزگاربوانی ئەشكەنجەو مامەڵەی نامرۆڤانەو لە پاڵیاندا بوەستین بۆ دوبارە بنیاتنانەوەی ژیان و گەڕاندنەوەی متمانە بۆیان.

26ی حوزەیرانی 2024 ڕۆژی پالپشتی لە قوربانیان و ڕزگاربوانی ئەشكەنجە

ڕێکخراوی DHRD

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×