یەكگرتوی ئیسلامی: نابێت لایەنێك بەدڵی نەبو هەڵبژاردن دوابخات و خۆیشی بە پاڵەوان نیشان بدات
  2024-06-26       425       

وتەبێژی یەكگرتوی ئیسلامی كوردستان پێشوازی لە دیاریكردنی رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكات و دەشڵێت، نابێت لایەنێك بەدڵی نەبو هەڵبژاردن دوابخات و خۆیشی بە پاڵەوان نیشان بدات.

ئاوێنە: خەلیل ئیبراهیم، وتەبێژی یەكگرتویی ئیسلامیی كوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە لێدوانێكدا بۆ میدیای رەسمی حزبەكەی، پێشوازی لە دیاریكردنی رۆژی هەڵبژاردن كردوە لەلایەن سەرۆكایەتی هەرێمەوە.

وتەبێژی یەكگرتو وتویەتی"نابێت یاری بەبنەمای دیموكراسی و پێویستی نیشتیمانی و ویستی گەل بكرێت و داوا دەكەین هەمو لایەنەكان ئامادەبن بۆ هەڵبژاردن لە و وادەی دیاری كراوە زیاتر دوانەكەوێت."

ئەوەشی خستۆتەڕو"هەر دواخستنێك كۆمەڵێك ئاڵۆزی لێكەوتۆتەوە بۆیە ئێمە هۆكاری دواكەوتنی هەڵبژاردن نین و پێویستە كۆتایی بێت بەدەركردنی مەڕسوم و درێژكردنەوەی تەمەنی دامەزراوەكان."

وتەبێژی یەكگرتو وتوشیەتی"دیموكراسی مانای خۆی نابێت ئەگەر هەر چوار ساڵ جارێك هەڵبژاردن نەكرێت، دامو دەزگاكانی هەرێم لەژێر پرسیاردان بەهۆی بەسەرچونی تەمەنی یاساییان، بەبێ هەڵبژاردن لەم قۆناغە ئاڵۆزە دەربازمان نابێت پێویستە ئەمجارە بیانو نەگیرێت بۆ دواخستن."

جەختیشی كردۆتەوە "ئێمە وەك یەكگرتو هەموكات ئامادەین بۆ هەڵبژاردن ناشبێت لایەنێك بەدڵی نەبو هەڵبژاردن دوابخات و خۆیشی بە پاڵەوان نیشان بدات چونكە نەیهێشتوە هەڵبژاردن بكرێت."

لەكۆتاییدا وتی: "پاڵەوان ئەوەیە ڕێگە بدات ئیرادەو ویستی گەل سەربكەوێت و داوادەكەین هەمولایەك بەشداربن، ئەوە زیرەكی و پاڵەوانیەتی نییە هەڵبژاردن دوابخەی و بڵێی نەمهێشت هەڵبژاردن بكرێت پاڵەوان ئەوەیە رێز لەئیرادەی خەڵك بگرێت."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×