ئەشكەنجە و مامەڵەی نامرۆڤانە هیچ ئامانجێكی لە پشتەوە نیە جگە لە شكاندنی كەرامەتی مرۆڤ
  2024-06-26       395       

لە ساڵیادی ڕۆژی جیهانی پاڵپشتی كردن لە قوربانیانی ئەشكەنجە و مامەڵەی نامرۆڤانە 26 ی حوزەیران ،بەوپەڕی نیگەرانیەوە ڕایدەگەیەنین بەرەنگاربوونەوە و ڕێگری كردن لە ئەشكەنجە و مامەڵەی نامرۆڤانە خەریكە دەبێتە پرسێكی تەواو پشتگوێ خراو،بەو بەڵگەیەی لە عێراق و هەرێمی كوردستانیش تا ئێستا هیچ یاسا و ڕێنمایی و ڕێكارێكی تایبەت نیە بۆ ڕێگری كردن لە ئەشكەنجە و مامەڵەی نامرۆڤانە لەگەڵ ئەوەی كە ڕۆژانە بانگەشەی بوونی ئەشكەنجە و مامەڵەی نامرۆڤانە دەکرێت لەلایەن قوربانیانی ئەشکەنجەوە لەبەردەم دامودەزگا فەرمییەکان و ڕێکخراوە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بەتایبەت لەقۆناغەكانی لێكۆلینەوەی سەرەتایی لەتاوان ،سەرەڕای ئەوەی هەرێمی كوردستان  وەک بەشێک لە عێراق لە ساڵی 2008 ەوە باپەندبوونی خۆی بۆ ڕێكەوتننامەی بەرەنگاربوونەوەی ئەشكەنجە و مامەڵەی نامرۆڤانە دەربڕیوە بە یاسای ژمارە (30) ساڵی 2008 وە لەسەرجەم ڕاسپاردە و تێبینیە نێودەوڵەتیەكان بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان ئاماژە بە پێویستی(ضرورەتی) بوونی یاسایەك كراوە تایبەت بەم پرسە.

ئاوێنە: لەكاتێكدا جیهان ئەم یادە دەكاتەوە لە هەمان كاتدا ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەرە ،دەولەتان لەهەوڵی جدیدان بۆ ڕێگرتن لە ئەشكەنجە و مامەڵەی نامرۆڤانە لەبەرئەوەی لە ڕووی زانستیەوە  كاریگەرییەكانی ئەشكەنجە سەردەكێشێت بۆ بەكارهێنانی مادەی هۆشبەر.بەڵام بەداخەوە لە هەرێمی كوردستان و عێراق هێشتا دەسەڵاتداران خەریكی هێنانەوەی بیانوی نالۆژیكین بۆ بوونی ئەشكەنجە و مامەڵەی نامرۆڤانە.

بەگوێرەی سەرجەم جاڕنامە و ڕێككەوتننامە و پرەنسیپە نێودەوڵەتیەكان و دەستوری هەمیشەی عێراق و یاسا بەركارەكان ئەشكەنجەدان بەهەموو شێوەیەك تاوانە بە شێوەی هەرتاوانێكی دیكە، بگرە قێزەونتریش لەبەرئەوەی ئەنجامدەرانی ئەشكەنجە بە حوكمی پلەی وەزیفی هەڵدەستێت  بە ئەنجامدانی ئەم تاوانە بەڵام ئەوەی جێگەی داخە لە هەرێمی كوردستانیش و عێراقیش ئەو ڕێكارە یاسایی و ئیداری و دادوەرییانەی بەرامبەر ئەنجامدەرانی ئەشكەنجە دەگیرێتەبەر لە پەنجەكانی دەست تێپەڕناكات بە پێچەوانەوە زۆرجار قوربانیان دووبارە دەبنەوە بە قوربانی ئەم پرسە و ڕووبەڕووی ئەشكەنجەدانی قورستر دەبنەوە لەپای ئەوەی ئاماژەیان بە ئازارەكانی خۆیان داوە.

ئێمە لەم یادەدا جگە لەوەی پاڵپشتی تەواوی خۆمان دووپات دەكەینەوە بۆ قوربانیانی ئەشكەنجە و مامەڵەی نامرۆڤانە،بە دەنگێكی بەرز داوادەكەین لەسەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان بە تایبەت دەسەڵاتی دادوەری و داواكاری گشتی و وەزارەتی ناوخۆ و ئەنجومەنی ئاسایش و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ، كە بەتەنگ ئەم پرسەوە بێن بۆ ڕێگرتن لە ئەشكەنجە و مامەڵەی نامرۆڤانە و شكاندنی شكۆی مرۆڤ ، لەبەرئەوەی ئەشكەنجەدان جگە لەوەی تاوانێكە دژ بەشكۆی مرۆڤ و یاسا ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەكان لەگەڵ ئەوەشدا کاریگەری زۆر قوڵ و درێژخایەنی هەیە لەسەر قوربانیان و كەسانی چواردەوریان وە زۆرجار ئەم ئەشکەنجەیە كاریگەری لەسەر كۆی ژیانی تایبەتی و خێزانی كەسی قوربانی بەجێ دەهێڵێت بەجۆرێك لە ژیان دووری دەخاتەوە كە ڕەنگە هەرگیز نەتوانێت ببێتەوە بە مرۆڤێكی ئاسایی ناو كۆمەڵگا ،بۆیە ئەركی سەرشانی هەموومانە لەم یادەدا پاڵپشتی بكەین لە قوربانیان و ڕزگاربووانی ئەشكەنجە و مامەڵەی نامرۆڤانە و لە پاڵیاندا بوەستین بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی ژیان و گەڕاندنەوەی متمانە بۆیان.

26ی حوزەیرانی 2024 ڕۆژی پالپشتی لە قوربانیان و ڕزگاربووانی ئەشكەنجە
ڕێکخراوی DHRD

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×