كۆماندۆی كوردستان: لە سنوری گەرمیان ژمارەیەك حەشارگەی داعش خاپور كران
  2024-06-25       257       

فەرماندەیی هێزەكانی كۆماندۆی كوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە، لەگەڵ هێزەكانی هاوپەیمانان ئۆپەراسیۆنێكی هاوبەشیان لە سنوری گەرمیان ئەنجام داوەو ژمارەیەك حەشارگەی داعشیان لە ناوچەكە خاپور كردون.

ئاوێنە: فەرماندەیی هێزەكانی كۆماندۆی كوردستان، لە راگەیەندراوێكدا وتی"بەپشتبەستن بە زانیارییەكانی تۆڕی هەواڵگریی سەربە فەرماندەیی هێزەكانی كۆماندۆی كوردستان و پشتیوانی هاوپەیمانان بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، چەند تیمێكی شەڕكەری كۆماندۆ لەگەڵ هێزی هاوپەیمانان ئۆپەراسیۆنێكیان بۆ سەر ژمارەیەك حەشارگەی داعش لە ناوچەی 'تاوێرکەوە' لە سنوری گەرمیان ئەنجام دا."

وتوشیەتی"لە سەعات 02:30 خولەكی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە ڕێگەی تیمێكی یەكەی (هاوەن)ی هێزەکانمان ژمارەیەك حەشارگەی داعش خاپور كران" و دواتر هێزەكانمان دەستیان بەكێوماڵكردنی ناوچەكە كرد، كە "تیرۆرستان ناو بەناو وەك شوێنی كۆبونەوە و دانانی پیلانی هێرشكردن بەكاریان دەهێنا، كە ئامانجی سەرەكی ئۆپراسیۆنەكەش خاپوركردنی ئەو شوێنانە بو."

ئەوەشی خستۆتەڕو"هاوكات بۆمبێکی چێنراوی تیرۆرستانیش لەلایەن تیمێكی (E.O.D)ی كۆماندۆی كوردستانەوە پۆچەڵكرایەوە، ئۆپەراسیۆنەكەش لە سەعات 10ی پێش نیوەڕۆ بەسەركەوتویی كۆتایی هات."

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×