کوردی هوشیار، دوو جار دەس بە کونێکدا ناکا!

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
  2024-10-18     61

بەشی چوارەم و کۆتایی

 

ئاشکرایە، لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی (عێراق) بە گشتی و (کوردستان) بە تایبەتی، گزیەکی گەورە دەکرێ. لەبەرئەوە ئەمە هەڵبژاردن نییە، بەڵکوو دابەشکردنی دەنگەکانە. بۆیە زۆر بە ڕاشکاوی دەڵێم: ئایا دەنگ بۆ کام پەرلەمان دەدەن؟!!

ئاواتەخوازبووم، هەموو پارتەکانی (کوردستان) پێکەوە، بەشدارییان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی (عێراق)دا نەکردایە، تا ڕەوشی نەتەوەیی و ڕامیاری نێوچە دابڕاوەکان، ئاسایی و هێمن نەبوونایەتەوە، نەک لەبەرئەوەی گزیکراوە، بایکۆتی پەرلەمان بکەن و هێندەی دیکەش، زیان بە یەکێتی ڕیزەکانی گەلی کورد بگەیەنن. بۆچی ئەمە یەکەمین جارە، دزی لە دەنگی کۆمەڵانی خەڵک دەکرێ؟!!

سەرکردایەتی پارتەکان دەبووایە، کەڵکیان لە ئەزموونی (5) هەڵبژاردنی پێشووی (عێراق) وەرگرتایە، فێری ئەوەی بکردنایە، بڕوا بە ئەو جۆرە هەڵبژاردنانە نەکەن. نەک دوایی بڵێن: دەنگەکانمان دزراوە، هەڕەشەبکەن و بەشداری پەرلەمانی (عێراق) نەکەن. ئەدی پارتە عەرەبیە شیعەکان، زۆر بە ڕێکۆپێکی و دەسپاکیەوە، بەشداری هەڵبژردنەکانیان کردووە و پاڵێوراوەکانیان دەرچوون؟!! ئاخر سەرکردەی هوشیار، دوو جار دەس بە کونێکدا ناکا!

 

هەڵبژاردن و بەربژێرەکانی کورد

هەڵبەتە، ئەوانەی چەندین جارە، خۆیان بۆ پەرلەمانی (عێراق) و (کوردستان) بەربژێرکردووە و دەکەن، تەنیاوتەنیا، هەر بۆ مووچە زۆرەکەی مانگانە و خانەنشینە چەورەکەی نەبێ، بۆ هیچ شتێکی دیکە نییە، ئاخر کەی ڕەوایە، بەربژێرێ چەن جارێ خۆی بپالێوێ، گەر لەپێناوی بەرژەوەندی تاکەکەسی خۆیدا نەبێ؟! بۆچی ئەم گەلە کۆڵنەدەرە خەباتگێڕە، کەسی دیکەی تیدا نییە، داکۆکی لە گەلی کورد و خاکی نیشتمانەکەمان بکا؟!

هەڵبەتە دیارە، بۆچی دووبارە خۆیان هەڵدەبژێرنەوە، چونکە کاسبییەکی بێ سەرمایەیە، بێ ئەوەی ئارەق بڕێژن، بێ ئەوەی هێندەی فەرمانبەرێکی فەرمانگەکانی (کوردستان) ماندووبن، مانگانە پارەیەکی مفتومۆڵ وەردەگرن، ئەگینا بۆ ئەوە خۆیان بەرێژێرناکەن، تا داکۆکی لە مافە ڕەوا خوراوەکانی گەلی کورد بکەن.

جا گەر وا نییە، تا ئیستە (5) جار هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی (عێراق) و (5) جاریش، بۆ پەرلەمانی (کوردستان) کراوە، ئایا چەن نوێنەری لیستی پارتە جیاجیاکانی (کوردستان)، لە پەرلەمانی (عێراق) داوایانکردووە، خاڵی (140) جێبەجێبکرێ؟! یا دژی خولی نوێی بەعەرەبکردنی نیشتمانەکەمان (2024(2003-، ناڕەزاییان دەربڕیبێ؟! یا لە ئەو جیاوازییانەی لەنێوان گەلی عەرەبی (عێراق) و گەلی کورددا دەکرێ، داکۆکییانکردبێ، کە دەسەڵاتی عەرەبە شیعەکان پێڕەویدەکەن؟! ئەوە جگە لە ئەوەی، هێندێکیان خۆیان بە لایەنێکی عەرەبیدا هەڵواسیوە، بۆئەوەی لێیان ڕازیبن، یا خۆیان لەسەر لیستەکانیان بەربژێرکەن. هێندێکیشیان، قسەی زۆر خراپ و ناشیرین دەکەن.

بۆیە زۆر بە ڕاشکاوی دەڵێم: ئایا گەر مووچەی پەرلەمانتارانی هەردوو پەرلەمانی (عێراق) و (کوردستان)، هێندەی مووچەی ئاسایی خۆیان، یا هەر فەرمانبەرێکی کورد بووایە، کە لە (کوردستان) کاردەکەن، کەس خۆی بەربژێردەکرد؟!!

ئاخر کورد لە مێژە گوتوویەتی: گەر جارێکیان خەڵەتاندی، ئەوا خوا بیانگرێ، گەر جارێکی دیکەش هەڵیانخەڵەتاندیتەوە، ئەوا خوا خۆت بگرێ! بۆیە ئەو کەسەی دووجار، لە دەرگەیەکی ساختە بدا و لێی نەکەنەوە، گەر سێیەمین جاریش، هەر لێی بداتەوە، ئەوا تا ماوە، گاجووتێکە و لە پێستەکەی خۆیدا دەمێنێتەوە!

لەبەرئەوە، لە ئەم بارودۆخەی ئێستەی هەرێمی (کوردستان)دا، ئەو کوردەی دەنگ بۆ پەرلەمانی (عێراق) و (کوردستان) بدا، مانای وایە، زۆر ساویلکەیە و هێشتا زۆری ماوە، لە ڕەوشی ئەم پارتە دز و درۆزنانە تێبگا!

 

ڕۆن لە مێروولە دەرناهێنرێ!

وەک چۆن جاران، شایەرەکان لە شاییدا، بە پارە گۆرانییان دەگوت و کۆڕی هەڵپەڕکێکانیان گەرمدەکرد، ئێستەش هێندێ گۆرانیبێژ هەن، بۆ لیستی پارتەکان، بە پارە گۆرانی دەچڕن، بەسەریاندا هەڵدەدەن و بازاڕیان بۆ گەرمدەکەن!

هەر بە ئەو شێوەیەش، پاڵێوراوی پارتەکان بۆ پەرلەمان، لەپێناوی مووچەیەکی مفتومۆڵ و خانەنشینییەکی چەوری بێ ئەرکدا، بەڵێنی سەوز و سووری درۆ، بە جەماوەر دەدەن، گوایە ئارامی و خۆشگوزەرانیان بۆ دابیندەکەن، هەلی کاریان بۆ دەڕەخسێنن و بێکاری ناهێڵن، گرانی نرخی دەرمان و نەخۆشی چارەسەردەکەن، دژی ستەمی دەسەڵاتداران و گەندەڵی دەوەستنەوە، دادی کۆمەڵایەتی دەچەسپینن، (کوردستان)یان بۆ دەکەن بە بەهەشتی بەرین!

ئاخر کەسێ لە گوێی گادا نەنووستبێ، یادگەی نەتەوەیی و ڕامیاری لاواز نەبێ، دوای پتر لە (32) ساڵ، ئەزموونێکی لە دەسەڵاتی ئەم پارتانە وەرنەگرتبێ، چاو لە هەڵە و ناپاکییەکانیان بپۆشێ، تازە دەنگ بۆ پەرلەمان بدا، ئەوە تا ماوە، لە خولگەی گێلی و نەزانیندا دەخولێتەوە و بە هیچ نابێ! چونکە نە ڕۆن لە مێروولە دەردێنرێ، نە کوردایەتیش، لەپێناوی پلەوپایە و پولوپارەدا دەکرێ!

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×