وەزیری ئەوقاف: هه‌ركه‌سێك بەناوی ئایینی ئیسلامەوە هێرشبکاتە سەر ئایینێکی دیکە رێکاری یاسایی لەدژ دەگرینەبەر
  2023-04-30       658       


پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف‌و کاروباری ئایینی رایگەیاند، "کوردستان تەنیا موڵکی ئاین‌و نەتەوەیەک نییە، بەڵکو موڵکی هەمومانە پێکەوە". جه‌خت له‌وه‌ش ده‌كاته‌وه‌ كه‌ رێگەپێدراو نییە کەسێک بەناوی ئایینی پیرۆزی ئیسلامەوە هێرش بکاتە سەر ئایینێکی دیکە، "هەر کەسێک کارێکی لەوجۆرە بکات رێکاری یاسایی لەدژی دەگرینەبەر".

ئاوێنه‌: پشتیوان سادق لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ڕونیكرده‌وه‌، کولتووری پێکەوە ژیانی ئاینی و نەتەوەیی لە کوردستان رەگ و ریشەیەکی قوڵی هەیە، کە دەگەڕێتەوە بۆ سەدان ساڵ پێش ئێستا، لەڕووی کۆمەڵایەتی و سیاسی، لەڕووی خەباتی شۆڕشگێڕی و ئێستاش لەڕووی پەرلەمانی و حوکمڕانی، توانیومانە کوردستان بگەینینە ئەمڕۆ.

وتیشی‌، هەموو پێکهاتەکان شەهیدیان داوە، خەباتیان کردووە و کوردستانیش موڵکی تەنیا ئایین و نەتەوەیەک نییە، بەڵکو موڵکی هەموومانە پێکەوە.

سەبارەت بەو روداوەی لەجەند رۆژی رابردودا لەقەزای شنگال رویدابو هێرشكرابووه‌ سه‌ر مزگه‌وتێك، وەزیری ئەوقاف وتی، بێگومان لەهەموو ئایینێکدا خەڵكانێک هەن سەرەڕۆیی دەکەن، بەڵام کێشەی ئایینی لە هەرێمی کوردستان نییە و نابێت و رێگەپێدراویش نییە.

دوپاتیشیکردەوە، رێگەپێدراو نییە کەسێک بەناوی ئایینی پیرۆزی ئیسلامەوە هێرش بکاتە سەر ئایینێکی دیکە و هەمووی لەکەدار بکات، راشیگه‌یاند، "هەر کەسێکیش کارێکی لەوجۆرە بکات رێکاری یاسایی لەدژی دەگرینەبەر".

راشیگەیاند، حکومەت سەرکۆنەی هەر دەسترێژییەک بۆسەر شوێنە پیرۆزەکان دەکات، جا لەلایەن هەرکەسێکەوە بکرێت.

وەزیری ئەوقاف ئەوەشی خستەڕو، گوتاری میانڕەوی مامۆستایانی ئاینی بەتایبەتی ئایینی ئیسلام، جێگەی رێزو پیزانینە، جەختی لەوەشکردەوە، وەزارەتی ئەوقاف لە خزمەت هەموو مامۆستایانی ئایینی و پێکهاتەکانی دیکە دەبن.

ئاماژەی بەوەشدا، یەکێک لەخاڵە درەوشاوەکانی کوردستان لە دەرەوە، ئەو پێکەوە ژیانەیه‌ کە لێرە لە ئارادایە، وتیشی، "ئەمڕۆ زیاتر لە ملیۆنێک خوشک و برای عەرەب لە هەرێمی کوردستان دەژین، ئەوە خۆی لە خۆیدا نیشانەی باوەشگەرمی و کولتووری جوانی خەڵکی کوردستانە."

پشتیوان سادق باسی لەوەشکرد، زۆرینەی مەسیحی و ئێزدییەکانی عێراق ئێستا لەهەرێمی کوردستان دەژین، ئەمەش دەرخەری دڵفراوانی و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی پێکهاتەکانە لە هەرێمی کوردستان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×