مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، پڕۆژەی روناكی راگەیاندو دەشڵێت، تا کۆتایی 2026 کارەبای 24 سەعاتی بۆ سەرتاسەری کوردستان دابین دەكرێت.
ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی حكومەتی هەرێم، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 17ـی تشرینی یەکەمی 2024، لە کاتی سەردانێکیدا بۆ گەڕەکی شادی لە شاری هەولێر، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی ڕوناکی ڕاگەیاند کە ئامانج لێی دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێرییە بۆ سەرتاسەری هەرێمی کوردستان.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، دوای ئەوەی دۆخی کارەبای لە چەند ماڵ و شوێنێکی بازرگانی لە گەڕەکی شادی بەسەرکردەوە، سەرۆکی حکومەت لە وتەیەکدا وتی"پێش سێ مانگ، وەک قۆناغێکی ئەزمونی بۆ ئەم پڕۆژەیە، (گەڕەکی شادی) هەڵبژێردرا، بۆ ئەوەی بزانین تا چەند پڕۆژەکە سەرکەوتو دەبێت. ئەمڕۆ سەردانی چەند ماڵ و خاوەنکارم کرد و زۆر ڕازی بون لەوەی کارەبای نیشتمانی 24 کاتژمێریيان بۆ دابینکراوە".
سەرۆکی حکومەت وتیشی "جگە لە گەڕەکی شادی کە وەکو یەکەم گەڕەکی هەولێر بۆ قۆناغی ئەزمونی پڕۆژەکە پێشنیار کرا، لە قۆناغی دوەم و جێبەجێکردنی سەرتاسەری پڕۆژەکەدا، لە بەیانیيەوە (گەڕەکی نازناز) و پاشانیش (گەڕەکی بەختیاری) دەچنە سەر کارەبای 24 کاتژمێری".
مەسرور بارزانی وتیشی، تا کۆتایی 2026 کارەبای 24 کاتژمێری بۆ سەرتاسەری کوردستان دابین دەكرێت.
حكومەتی هەرێم لە راگەیەندراوەكەیدا ئاماژەی بەوەداوە كە هاوکات لەگەڵ شاری هەولێر، ئەم خزمەتگوزارییە بۆ هەمو ناوچە و شار و پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دابین دەکرێت و ئێستاش چەند گەڕەکێک لە شاری سلێمانی و دهۆک دەستنیشان کراون بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکەو "داوا لە دەسەڵاتی خۆجێی کراوە کە هاوکار بن و ڕێکارەکان بگرنەبەر بۆ ئەوەی ئەم پڕۆژەیە لەوێ و پاشان پارێزگای دهۆک و سەرجەم کوردستان جێبەجێ بکرێت."