ئۆپۆزسیۆنی تورکیا بەڵێنی درێژەدان بە ناڕەزایەتییەکان دەدات و داوای هەڵبژاردنی پێشوەختەش دەکەن، هەڕەشە لە دەسەڵات دەکەن و دەڵێن؛” تەحەداتان دەکەین”.
ئاوێنە: ئۆزگور ئۆزێل سەرۆکی پارتی گەلی کۆماریخوازی تورکیا(جەهەپە) دەڵێت؛ بەردەوام دەبین لە خۆپیشاندانەکانمان بۆ پشتیوانی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی دەستبەسەرکراوی شارەوانی ئەستەنبوڵ.
ئۆزێل لە میانی کۆنفرانسێکی نائاساییدا کە پارتی کۆماریخوازی گەلی جەهەپە لە ژێر دروشمی “ئیرادەی میللەت” بەڕێوەی برد، دووپاتی بەردەوامی و درێژەدان بە خۆپیشاندانەکانی کردەوە و داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەشی کرد.
بەگوێرەی ڕاپۆرتە میدیاییەکانی تورکیا، لە درێژەی قسەکانیدا ڕوو لە حکومەت، ئۆزگور ئۆزێل سەرۆکی پارتی گەلی کۆماریخوازی تورکیا(جەهەپە) وتویەتی: “ئەگەر بوێریتان هەبێت، هەڵبژاردن دەکەن و دێنە ناو ڕکابەرییەکانی هەڵبژاردنی پێشوەختە”.
ئۆزێل ئاماژەی بەوەدا، داوای کرد لەمانگی نۆڤەمبەری داهاتوو هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، وتیشی “ئێمە تەحەدای ئێوە دەکەین… جارێکی دیکە تورکیا ڕزگار دەکەین”.
پێشتر ئۆزگور، ئاماژەی بەوەدابوو؛ هەڵمەتی داواکاری دەستپێدەکەن و داوا دەکەن سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵ بەبێ دەستبەسەری دادگایی بکرێت و بەزووترین کاتیش هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدرێت.
لای خۆیەوە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو لە نامەیەکدا کە پارتەکەی لە کۆنگرەی نائاسایی ڕۆژی یەکشەممەدا خوێندوویەتییەوە ڕایگەیاندووە، “ئەم حکومەتە کاندیدێکی ڕکابەر و پارتێکی ڕکابەر و هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانەی ناوێت”.
ئیمامئۆغڵو ئاماژەی بەوەداوە: هەرچییەک بکەن، ئێمە سەرکەوتوو دەبین! نادادپەروەری و ستەمکاری تێکدەشکێنین.