هاوسەرۆكانی دەم پارتی، ئەمڕۆ دوشەممە، دوای كۆبونەوەیان لەگەڵ ئاكەپەو مەهەپە، رایانگەیاند، لەگەڵ ئەو دو پارتەی دەسەڵات تاوتوێی "یاسای ئاشتی" كراوە. دەشڵێن، كۆمەڵكوژییەكەی ئەمڕۆی كۆبانێ، زیانی گەورە بە پڕۆسەی ئاشتی دەگەیەنێت و پێویستە ئەوانەی بەو كارە تێكدەرانەیە هەڵساون ئاشكرابكرێن و دادگایی بكرێن.
ئاوێنە: هاوسەرۆکانی گشتی دەم پارتی تونجەر باكیرهان و تولای حاتەم ئۆغۆللاری، پاش کۆبونەوەکانی ئەمڕۆیان لەگەڵ ئاکەپە و مەهەپە، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیان لە پەرلەمانی توركیا ئەنجامدا.
تونجەر باكیرهان ڕایگەیاند، لە کۆبونەوەکاندا وتوێژیان لەسەر بانگەوازی “ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی"ـی ڕێبەر ئاپۆ کردوە، وتیشی “لەگەڵ هەردو پارتەکە باسی یاسای ئاشتییمان کرد. بەشێوەیەکی دورودرێژ باسمان لە بەدیهێنانی ئاشتی کرد”.
باقرخان ڕایگەیاند تا ئێستا نزیکەی 101 کۆبونەوەیان لەگەڵ خەڵكدا ئەنجامداوە، لەگەڵ ڕێکخراو و لایەنەکانیش کۆبونەتەوە و وتیشی “بە هەردو پارتەکەمان ڕاگەیاند بۆ پێشكەوتنی پرۆسەکە دەبێت هەنگاوی پێویست بنرێت. ئەگەر هەنگاوی پێویست بنرێت، مەترسییە ناوچەیی و جیهانییەکان ئاسانتر، تێدەپەڕن. ئێمە هەڵسەنگاندنمان بۆ ئەمە کرد”.
هەروەها وتی: “دەبێت هەلومەرجی کارکردن و پەیوەندی ئۆجەلان چاک بکرێت. بۆ هەنگاوی دیموکراتی، دەبێت خەبات بکرێت."
باكیرهان تیشکی خستەسەر کۆمەڵکوژییەکەی دوێنێ لە کۆبانێ کە 9 کەس لە هەمان خێزان لە ئەنجامی بۆردومانێكی توركیادا شەهیدبون، وتی: “ئەم هێرشە شەرمەزار دەکەین و زۆر توڕە و خەمبارین. هێرشی لەم جۆرە زیانی گەورە دەگەیەنێت بە پرۆسەکان هەم لە سوریا و هەم لێرەش. هەم بەڕێز ئۆجەلان و هەم بەڕێز ئەردۆغان پێشتر جەختیان کردەوە لەسەر مەسەلەی تێکدان. پێویستە تێکدەرەکان ئاشکرابکرێن. ئەم کۆمەڵکوژیانە قبوڵ ناکەین هێرشێکی ئاسایی نییە. ئەم هێرشانە سودیان بۆ پرۆسەكە نییە. پێویستە بوەستێنرێن."
ئاماژەی بەوەشدا، ئەو هێرشانە بە پاساوی بونی هەڕەشەی ئەمنی ئەنجامدەدرێن، حەوت لەوانەی شەهید بون، منداڵن، ئایا حەوت منداڵ لە كۆبانێ هەڕەشەی ئەمنی دروست دەكەن؟
باكیرهان بە ئاماژەدان بە لێدوانێکی پێشوی ئەردۆغان کە ڕایگەیاندبو، بەرامبەر هەمو هەوڵێکی تێکدەرانە ڕێوشوێنی پێویست دەگرنەبەر، وتی: “دەبێت دەستبەجێ ئەم هەوڵی تێکدانانە ئاشکرا بکرێن و بکەرانیان دادگایی بکرێن."
پاشان هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغۆلاری وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنوسانی دایەوە. ئەو وتی “بەرنامەی چون بۆ ئیمراڵی لە چەند ڕۆژی ئایندە ڕون دەبێتەوە. هێشتا داواکارییەکی وەهامان نەکردوە."
دەربارەی چەکدانانی پەکەکە، وتی: “بەڕێز ئۆجەلان لە بانگەوازەکەیدا بەڕونی وتبوی، دەتوانم کۆنگرە ببەستم و بڕیار بدەم. دەبێت هەلومەرجی پێویست بۆ ئەمە بڕەخسێت، ئەوەندەی ئێمە بزانین، هەنگاوێک لەم ڕوەوە نەنراوە."
تولای حاتیمۆغولاری هەروەها جەختی کردەوە، ئاکەپە و مەهەپە لەگەڵ هەنگاونان بون بۆ دیموکراتی بون، بەڵام وەڵامێکی ڕونی دەم پارتیان نەداوەتەوە سەبارەت بە پرسی دەستبەسەرداگرتنی شارەوانییەکان و دانانی قەیوم.
هەروەها جەختی کردەوە لەم پرۆسەیەدا بەرپرسیارێتی سەرەکی دەکەوێتە ئەستۆی ئاکەپە، وتی: “لێدوانەکانی ئەردۆغان دەربارەی ئەم بابەتە گرنگن. ئێمە هێشتا نازانین هەنگاوەکان چین. دەبێت لەم ڕوەوە، سەرۆککۆمار و حکومەت هەنگاوی ئەرێنی بنێن."
تولای حاتیمۆغولاری ڕایگەیاند، بۆ نەورۆز چاوەڕێی پەیامێکن لە ئۆجەلانەوەو وتی: “پەیامەکەی ئۆجەلان پشتگیری لەم پڕۆسەیە دەکات، بۆیە بەگرنگییەوە لەم پەیامە دەڕوانین، ئێمە دەربارەی ئەم پەیامە داخوازییەکانی خۆمان بە بەرپرسان ڕاگەیاند، بەهیواین وەڵامێکی ئەرێنی بدرێتەوە، لە ڕۆژانی ئایندەدا ئەمە ڕون دەبێتەوە."