دوو شه‌ممه‌, 17 ی ئازار , 2025
جەمیل بایک: هیچ گۆڕانکارییەک لە ئایدۆلۆژیادا ناکرێت تەنیا تێکۆشان دەگۆڕین
  2025-03-16       498       

جەمیل بایک ڕایگەیاند، پەکەکە ئێستا ڕۆڵی خۆی بە ئەنجام گەیاندوە و خۆی تێپەڕاندوە بۆیە دەبێت بڕواتە ناو ڕێکخستن و تێکۆشانێکی نوێوە. دەشڵێت: هیچ گۆڕانکارییەک لە ئایدۆلۆژیا، فەلسەفە و پارادایمدا ناکرێت، گۆڕانکارییەکە تەنبا لە تێگەیشتن، ڕێکخستن و تێکۆشاندایە.

ئاوێنە: جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەری كۆما جڤاكێن كوردستان-کەجەکە، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ میدیای رەسمی پەكەكە رایگەیاند،  چارەسەری پرسی کوردو دیموکراتیبونی تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەنیا بە ڕێبەر ئاپۆ و تەڤگەری ئازادی کورد و گەلی کوردەوە گرێدراو نییە، بەڵکو هەمو کەسێک دەبێت بەرپرسیارێتی هەڵبگرێت.

وتوشیەتی، لەبەر ئەوەی ئەمڕۆ ناوەندی جەنگی جیهانی سێیەم ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەو لەوێ خوێندەڕژێت، ڕێبەر ئاپۆ دەیەوێت ڕێگری لەم خوێنڕشتنە بكات، دەیەوێت دیموکراتیبون پەرەپێبدات، ئەمە لە چوارچێوەی بەرژەوەندی هەمو کەسێکدایە، هەربۆیە پێویستە هەمو کەسێک لە پراکتیکدا هەنگاوی پێویست بنێت و دەبێت داوا لە دەوڵەتی تورکیش بکرێت هەنگاو بنێت.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە، ئێستا لەوانەیە هەندێک کەس ڕاستیی ڕێبەر ئاپۆ باش تێنەگەن و لەبەر ئەمەش بەمەترسیدار دەیبینن، ئەمە ئاساییە، بەڵام لەو باوەڕەدام لەگەڵ تێپەڕبونی کات ئەم مەترسیانە دەڕەوێنەوە، چونکە ڕێبەر ئاپۆ هەمو جار تێکۆشانی زیاتر پەرەپێداوە و فراوانتری کردوە.

ئەوەشی خستۆتەڕو، داوا لە هەمو کەسێک دەکەم، پشتگیری بانگەوازەکەی ڕێبەرئاپۆ بکەن، خاوەندارێتی لێ بکەن و ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆیان جێبەجێ بکەن و دەبێت ڕێبەر ئاپۆ لە سیستەمی ئیمراڵی دەربهێندرێت.

جەمیل بایك هێمای بۆ ئەوەش كردوە، نەهێشتنی پەکەکە بابەتێکی نوێ نییە، پرۆسەیەکە لە ساڵی 1993ەوە دەستیپێکردوە و تا ئەمڕۆش پەرەی پێدراوە، چونکە پەکەکە ڕۆڵی خۆی بەئەنجام گەیاندوە، لەهەمانکاتدا بەهۆی ئەوەی لەژێر هەلومەرجی سۆسیالیزمی واقیعیدا دامەزرا، بەهۆی کاریگەرییەکانی سۆسیالیزمی واقیعی و هەروەها لە هەوڵەکانی ڕێبەر ئاپۆ کە بۆ پەرەدانی سۆسیالیزم بەس نەبو و پەکەکە ئێستا ڕۆڵی خۆی بە ئەنجام گەیاندوەو خۆی تێپەڕاندوە و لەبەرئەوەی بزوتنەوەیەکی گەورە سەریهەڵداوە، بۆیە دەبێت بڕواتە ناو ڕێکخستن و تێکۆشانێکی نوێوە.

وتوشیەتی، ئەمەش ئەوەیە کە ڕێبەر ئاپۆ لە پێشی بزوتنەوەکەیدا دایناوە، بە هۆی ئەوەی تا ئاستی خوازراو پێش نەکەوت، ئێستا دەیەوێت بەئەنجامی بگەیەنێت، بە واتایەکی تر هیچ گۆڕانکارییەک لە ئایدۆلۆژی، فەلسەفە و پارادایمدا ناکرێت، گۆڕانکارییەکە تەنیا لە تێگەیشتن، ڕێکخستن و تێکۆشاندایە، پێویستە بەم شێوەیە تێبگەین.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×