سوودانی: هەوڵی جدی دەدەین بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان
  2025-03-17       153       

سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند هەوڵی جدی دەدەن بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و دانوستانەکانیشیان لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکاندا بەردەوامن.

ئەمڕۆ دووشەممە، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق پێشوازی لە  ئەلپئەرسلان بەیرەکدار، وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا کرد و لە دیدارەکەدا جەختی لە پەرۆشی بەغداد کردەوە لەسەر پتەوکردنی پەیوەندییە هاوبەشەکان لەگەڵ کۆمپانیا تورکییەکان لەسەرجەم کەرتەکان و کەرتی وزەش کە حکومەتی عێراق هەوڵی جۆراوجۆرکردنی سەرچاوەکانی دەدات.

ئەوەشی خستەڕوو کە عێراق خوازیارە لە بواری هاوردەکردنی کارەبا و پرۆژەی ڕێگای گەشەپیدان و کەرتی ئاو و دەستەبەرکردنی پشکی ئاو پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا پتەوبکاتەوە.

سوودانی ڕاشیگەیاند، حکومەتی هەوڵی جدی دەدات بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێی بەندەری جەیهان و ڕوونیشیکردەوە کە دانوستانەکانیان لەگەڵ ئەو کۆمپانیا بیانییانەی نەوتدا بەردەوامن کە لە هەرێمی کوردستاندا کاردەکەن.

لای خۆشیەوە  ئەلپئەرسلان بەیرەکدار، وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا خواستی وڵاتەکەی بۆ هاریکاریکردنی زیاتر لەگەڵ عێراقدا خستەڕوو لە نێویشیاندا پرۆژەکانی پاڵوتگەکان و پیشەسازی پیترۆکیمیاوی و هەروەها گردنگیی هەناردەکردنی نەوتی بەسڕە لە ڕێی بەندەری جەیهانەوە.

دوێنێش وەزیری وزەی تورکیا لە هەولێر لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و “هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر نەهێشتنی هەموو ئاستەنگ و بەربەستەکانی بەردەم هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهان لە زووترین کاتدا”.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×