لەبارەی دروستبوونی کێشە بۆ ناردنی مووچەی مانگی سێی فەرمانبەرانی هەرێم لە بەغداوە روونکردنەوە دەدرێت
  2025-03-17       424       

ئەندامێکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بیسەلمێنێت کە داهاتی نانەوتی بۆ مانگی دوو کەمیکردووە ئەوا کێشە بۆ ناردنی مووچەی مانگی سێ دروست نابێت، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دادگای فیدراڵی و یاسای بودجە وەک خۆی جێبەجێ بکات نە سودانی و نە تەیف سامی ناتوانن دەست بەسەر مووچەی هەرێمی کوردستاندا بگرن.

ئاوێنە: ئەمڕۆ دووشەممە 17ی ئاداری 2025، دارا سێکانیانی، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق بە وێستگەنیوزی راگەیاند، "بڕیاری دادگای فیدراڵیی هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراقی پابەندکردووە بەوەی کە مووچەی فەرمانبەران لەکاتی خۆیدا بدرێت، بەڵام کۆمەڵێک رێکار هەیە بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارەی دادگا و یاسای بودجەی عێراقی ئەویش تەوتینکرنی مووچە و رادەستکردنی لە %50ی داهاتی نانەوتی هەرێمە بە حکومەتی عێراق و ناردنی داتا و زانیاری و لیستی فەرمانبەرانی هەرێمە لە وادەی خۆیدا بۆ بەغدا".

ئەمڕۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی 48 ملیار و 722 ملیۆن و 239 هەزار دیناری داهاتی نانەوتی مانگی دووی رادەستی حکومەتی عێراق کرد، دارا سێکانیان لەوبارەیەوە وتی، "لەکاتی ناردنی داهاتی نانەوتی مانگی یەکی هەرێم کە بڕەکەی 51 ملیار و 895 ملیۆن و 457 هەزار و 877 دینار بوو حکومەتی عێراقی لە دواهەمین نووسراویدا لە 17ی شوباتی ئەمساڵدا وەزیری دارایی عێراق زۆر بە روونی باسی لەوەکردووە تێبینی لەسەر داهاتی نانەوتی هەرێم هەیە کە بەکەمی دەزانێت، بۆیە دوور نییە حکومەتی عێراق تێبینی لەسەر داهاتی نانەوتی مانگی دووی هەرێم هەبێت کە بڕەکەی کەمیکردووە بەراورد بە مانگی یەک".

ئەو ئەندامەی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، "کەمتەرخەمییەکان لە بابەتی دواکەوتنی ناردنی مووچە دوولایەنەیە، بەڵام پشکی شێر بەر هەرێمی کوردستان کەوتووە، چونکە ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دادگای فیدراڵی و یاسای بودجە وەک خۆی جێبەجێ بکات نە سودانی و نە تەیف سامی ناتوانن دەست بەسەر مووچەی هەرێمی کوردستاندا بگرن".

لەبارەی ئەوەی ئایا بەهۆی ئەوەی حکومەتی هەرێم ئەم مانگە داهاتی نانەوتی کەمی ناردووە بۆ عێراق ناردنی مووچەی مانگی سێ دوادەکەوێت دارا سێکانیانی باسی لەوەکرد، "ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بیسەلمێنێت کە داهاتی نانەوتی بۆ مانگی دوو کەمیکردووە، بۆیە 48 ملیار دیناری بۆ عێراق ناردوو بۆ مانگی دوو ئەوا هیچ کێشە بۆ ناردنی مووچەی مانگی سێ دروست نابێت".

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×