مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆكی پارتی و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی لەدوای كۆبونەوەی نێوانیان لە لێدوانێكدا رایانگەیاند، كۆبونەوەكەیان "زۆر باش" بوە و سەرۆكی یەكێتی دەڵێت، لەسەر چەند بابەتێكی ستراتیژیی رێككەوتوین.
ئاوێنە: مەسرور بارزانی، كە هاوكات سەرۆكی حكومەتی هەرێمەو لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی لەدوای كۆبونەوەی نێوانیان لە پیرمام لێدوانێكی رۆژنامەوانییان دا.
بافڵ تاڵەبانی وتی، ئەوەی من تێگەیشتم كۆبونەوەكەمان زۆر زۆر باش بو.
وتیشی"لەسەر چەند شتێكی ستراتیژیی كە بۆ میللەتەكەمان باش بێت رێككەوتووین."
سەرۆكی یەكێتی ئاماژەی بەوەشدا، پێموابێت گفتوگۆكانمان بەردەوام دەبن، ئامانجی هەردوكمان ئەوەیە بەزوترین كات حكومەتێك دروستبكەین بۆ خزمەتی میللەتەكەمان.
لای خۆیشییەوە مەسرور بارزانی وتی، ئەمە دوجارە ئێمە كۆبونەوەی زۆر ئەرێنی و باشمان ئەنجامداو پێشكەوتن و تێگەیشتنی زۆر باش لەسەر زۆر لە بابەتەكان هەبوە.
مەسرور بارزانی وتیشی، ئومێدەوارین تیمەكانیش بتوانن هەر بەو رۆحیەتە بگەتە رێككەوتنێكی تەواو لەسەر پێكهێنانی حكومەت لەكاتێكی نزیكدا.