رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمریكی بڵاویکردووەتەوە، ئەگەری كشانەوەی ئەمریكا فشارەكانی لەسەر هەسەدە چڕتركردووەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو وڵاتە هەوڵدەدات رۆڵی لە داڕشتنی داهاتووی سوریا بەهێز بکات.
ئاوێنە: رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمریكی لە راپۆرتێكدا، رۆڵی دیپلۆماسی سەربازی ئەفسەرانی ئەمریکاى لەنێوان کورد و حکومەتی سوریا ئاشکراكردووە.
رۆژنامەکە لە راپۆرتەکەید دەڵێت "ئەفسەرانی ئەمەریکا دووپاتیان کردووەتەوە، سوپای ئەمریکا رۆڵی دیپلۆماسی بەرچاوی پشت پەردە لە سوریا دەگێڕێت و نێوەندگیرییان كردووە لەنێوان حکومەتی سوریا و هێزە کوردییەكانی ئەو وڵاتە، بە ئامانجی گەیشتن بە سەقامگیری و رێگریکردن لە گەڕانەوە بۆ ململانێی مەدەنی لەو وڵاتە".
ئەوەش خراوەتە روو، لەڕێی ئەم نێوەندگیرییەوە، ئەمریکا هەوڵدەدات رۆڵی لە داڕشتنی داهاتووی سوریا بەهێز بکات، هاوكات هانی سوپای ئازادی سوریای داوە بۆ ئەنجامدانی رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی نوێی ئەو وڵاتە.
لە راپۆرتەکەدا ئەفسەران باسیان لەوەشکردووە، ئەگەری کشانەوەی ئەمریکا لە سوریا فشارەکانی بۆسەر هێزەکانی سوریای دیموکرات زیاتر کردووە، ئەوەش وایکردووە رێککەوتنی نێوان کورد و دیمەشق خێراتر بێت.
هەر بەپێی وتەی ئەو ئەفسەرانە "هەڕەشەی کشانەوەی ئێمە بووە هۆی خێراکردنی دانوستانەکانی نێوان کورد و دیمەشق، لەبەر رۆشنایی پێشهاتەکانی ئەم دواییەش، گەیشتن بە رێککەوتنی نێوان هەردوولا بووەتە پرسێكی پێویست".