تورکیاو سوریاو رۆژاوا
  2025-03-16       445       

ئاسۆس هەردی

 

هێشتا شەڕی ئیسرائیل دژی غەززەو لوبنان بەردەوام بوو، هیچ دەنگوباسێکی هێرشی چەکدارەکانی (تەحریری شام) بۆ سەر رژێمی ئەسەد لە ئارادا نەبوو، تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا لە وتارێکدا رایگەیاند "دەبێ خۆمان ئامادە بکەین بۆ ئەگەری ئەوەی ئیسرائیل ببێتە دراوسێمان". وتەیەک کە لەو کاتەدا تا رادەیەکی زۆر جێگای سەرسوڕمان بوو: ئیسرئیل لە کوێ، سنووری تورکیا لە کوێ؟!

هەر ئەوەندەی ئاگربەست لە غەزەو لوبنان کەوتە بواری جێبەجێ کردنەوە، هێرشی کتوپڕی چەکدارە جیهادییەکانی سووریا بە سەرکردایەتی (تەحریری شام)و پشتیوانی راستەوخۆی تورکیا لە ماوەیەکی کورتدا کۆتایی بە نزیکەی پەنجا ساڵ دەسەڵاتی رژێمی ئەسەد هێنا. لێرەشەوە پشتی پەردەی لێدوانەکەی ئەردۆغان ئاشکرابوو.

ئەوەی لێرە بەدواوە ئامانجی نزیک مەودای تورکیایە، دوو خاڵی سەرەکییە:

یەکەم، جێگیرکردنی نفووزی خۆی لە سووریادا، لە رێگەی دامەزراندنی دەوڵەتێکی ناوەندییەوە کە عەرەبی سوننەی سەر بە تورکیا حوکمی بکەن.

دووەم، گەمارۆدان و ئەگەر بکرێ پاکتاوکردنی هێزو دەسەڵاتی کورد لە رۆژاوا.

 

سەبارەت بە ئامانجی یەکەم:

 ئێستا لەسەر ئەرزی واقیع تورکیا بەهێزترین پێگەی لە سووریادا هەیە. سوپاکەی بەشێکی گرنگی سوریای داگیرکردووە، توندوتۆڵترین پەیوەندیی سیاسی- سەربازی و ئەمنیی لەگەڵ گرووپە چەکدارە جیهادییەکاندا هەیەو دەکرێ بڵێین ئەوە تورکیایە بە ناڕاستەوخۆ جڵەوی رووداوەکانی سووریای بەدەستەوەیە. بۆ نموونە سەرچاوەکانی هەواڵ باسیان لەوە دەکرد کە لیستی بەشداربوانی ئەوەی ناوی لێ نرابوو "دیالۆگی نیشتمانی"، دەبوو بە فیلتەری تورکەکاندا تێپەڕێت. هەر لەبەر ئەوەیش بوو هیچ نوێنەرێکی راستەقینەی کورد بانگهێشتی ئەو "دیالۆگە نەکرا". بەهەمان شێوەیش هەرچەندە چەند رۆژێک لەمەوبەر مەزلووم عەبدی و ئەحمەد شەرع رێکەوتنێکیان ئیمزاکرد، کەچی لە "راگەیاندنی دەستووری"دا کە چەند رۆژێک لەمەوبەر ئامادەکراو ئەحمەد شەرع ئیمزای کرد، هیچ ئاماژەیەک بۆ کوردو پێکهاتەکانی تری سووریا نەکرا، چونکە وەک پێشبینی کراوە ڤیتۆی تورکیای لەسەرە. (دیارە ئەمە بەو مانایە نیە ئەگەر ڤیتۆی تورکی نەبوایە شەرع و حکومەتەکەی کێشەیان لەگەڵ کورد نەدەبوو. چونکە هیچ ئاماژەیەک نیە پێمان بڵێ فەرمانڕەوا تازەکانی دیمەشق باوەڕیان بە فرەیی و سەلماندنی جیاوازییە ئاینی و نەتەوەییەکانی سووریا هەیە. بەڵام ئەگەر گوشارو پشتیوانییەکانی تورکیا نەبوایە، حکومەتەکەی شەرع لە دۆخێکی زۆر لاوازدا دەبوو و ئەگەری هەبوو مەرجی زۆرتر لە کوردو پێکهاتەکانی تر قبووڵ بکات، بەتایبەت پاش دەنگدانەوەی کۆمەڵکوژیی عەلەوییەکان).

لەم دۆخەدا، یەکەم وڵات کە هەست بە مەترسی دەکات، ئیسرائیلە. چونکە گرووپە ئیسلامییە جیهادییەکان جێگەیان بە ئێران و هاوپەیمانەکانی لێژ کردووەو گەیشتوونەتە سەر سنوورەکانی. هەروەها تورکیاش وەک ئەردۆغان پێشبینی کردبوو، بووە بە دراوسێێ. کێشەو ناکۆکیی نێوان ئەردۆغان و ئیسرائیلیش لە کەس شاراوە نیە. هەر لەبەر ئەوەیشە هەندێک سەرچاوەی هەواڵ باس لەوەدەکەن ئیسرائیل داوای لە ئەمەریکا کردووە رازی بێت بەوەی بنکە سەربازییەکانی رووسیا لە سووریا بمێننەوە، بۆ ئەوەی ئەو وڵاتە بەتەواوی نەکەوێتە دەست تورکیا. جگە لەوەیش ناوبەناو باس لە گەمەکردن بە کارتی کەمینەکانی سووریا دەکات، لە باشوور درووزەکان و لە باکووریش کورد (دواتر دەگەڕێینەوە سەر ئەم بابەتە).

هەرچی وڵاتە عەرەبییە کاریگەرکانیشن، لە نێو خۆیاندا دابەش بوون. قەتەر کە خاوەنی هێزێکی گەورەی ئابووری و میدیاییە، پشتوانی لە تورکیا دەکا. لە بەرامبەردا سعوودیەو ئیمارات، تورکیاو قەتەر بە پشتیوانی بزووتنەوەی (ئیخوان موسلمین) دەزانن و وەک هەڕەشە بۆ سەر خۆیان تەماشایان دەکەن. بەڵام لەبەر ئەوەی سنووریان لەگەڵ سووریا نیەو زۆرێک لە گرووپە چەکدارەکانی ئەو وڵاتەیش لە ئیخوانەوە نزیکن، ناتوانن ئەو کاریگەرییەیان هەبێت کە تورکیا هەیەتی. میسر تا ئێستا لە دوورەوە چاودیری دۆخەکە دەکاو بەهەمان شێوەی سعوودیەو ئیمارات بە گومانەوە لە نفووزی تورکیاو ئیخوان دەڕوانێت. عێراق لە نێوان گوشاری ئێران بۆ دژایەتی حکومەتی سووریای نوێ و، هەڕەشەی ئەمەریکا بۆ دوورکەوتنەوەی لە ئێران، دۆش داماوەو نازانرێت بە کام لایەدا دەکەوێت ...هتد.

ئەوەی لەم نێوانەدا پێشبینی ناکرێت، هەڵوێستی ئەمەریکاو سەرۆکە نوێیەکەیەتی. دۆنالد ترامپ نەیشاردۆتەوە کە دەیەوێ خۆی لە "زۆنگاوی سووریا" رزگار بکات. هەر ئەویش بوو لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەدا چرای سەوزی بۆ تورکیا هەڵکرد بۆ داگیرکردنی عەفرین. ئەگەر گوشاری ناوخۆی حیزبەکەی و لایەنگرانی رۆژاوا لە ئەمەریکا نەبونایە، هەر ئەو کاتە سووریای بەجێدەهێشت. ئەمە لەکاتێکدایە کە هەڵوێستی ئەمەریکا، رۆلێکی گرنگی دەبێت لە یەکلاکردنەوەی ململانێکاندا لەسەر سووریا.

 

ئامانجی دووەم، گەمارۆدان و پاکتاوکردنی رۆژاوا

بەشێکی گرنگی پلانەکەی تورکیا  بۆ سووریای دوای ئەسەد پەیوەندی بە کوردو رۆژاواوە هەیە. ئەم بەشە سەردەکێشی بۆ ناوخۆی تورکیاو باکووری کوردستانیش.

گومانی تێدا نیە یەکێک لە گەورەترین هەڕەشەکان بۆ سەر حکومەتە ئیسلامی/جیهادییە دەسکەلاکەی تورکیا لە دیمەشق و رەنگە بۆسەر خودی دەوڵەتی تورکیش، هێزو پێگەی دەسەڵاتی کوردە لە رۆژاوا. ئەم کێشەیە بۆ تورکیا سێ رەهەندی هەیە:

١- هێزی دیفاکتۆی کورد

٢- پشتیوانی ئەمەریکاو هاوپەیمانان لە رۆژاوا

٣- ئەگەری بەکارهێنانی لەلایەن ئیسرائیلەوە

 

لە بەرامبەردا:

١- تورکیا بەردەوام گوشارە سەبازییەکانی بۆ سەر رۆژاوا توندتر دەکاو دەرفەت و نادەرفەت بەکاردێنێ بۆ لێدانی، جا راستەوخۆ بێت یا بە دەستی گرووپە جیهادییە بەکرێگیراوەکانی.

٢- لەو کاتەوە کە داعش لە سووریا سەریهەڵدا، تورکیا هەوڵی دەدا قەناعەت بە ئەمەریکا بکات ئەو فایلەی تەسلیم بکات و دەست لە پشتیوانیی رۆژاوا هەڵگرێت. بەڵام لەبەر زۆر هۆکار کە رەنگە گرنگترینیان نەبوونی متمانە بێت بە تورکیایەک کە خۆی دەستێکی باڵای لە گەشەکردنی داعشدا هەبوو، سەرکەوتوو نەبوو. ئەردۆغان بە هیوا بوو گەڕانەوەی ترامپ بەو ئامانجەی بگەیەنێ، بەڵام وەک وتمان تا ئێستا هەڵوێستی ئەمەریکا روون نیە. بۆیە تورکیا دەیەوێ وەک مەسەلە کوردییەکە دەڵێ "بەڕە لە ژێر پێی رۆژاوا دەربێنێ". ئەوە بوو لە ماوەی رابردوودا وەزیری دەرەوەی تورکیا کەوتە هاتوچۆ و پەیوەندییەکی چڕو پڕ لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێی سووریا، گوایە بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانییەک دژی داعش. بە کورتی دەیەوێ بە ئەمەریکاو هاوپەیمانان بڵێت ئەگەر ئێوە خەمی داعشتانە، ئەوە ئێمەی وڵاتانی ناوچەکە چارەسەری دەکەین. بۆیە چیدی پێویست بە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) نەماوە. بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی رابردووی پەیوەندیی تورکیا لەگەڵ گرووپە جیهادییەکانداو، لەرزۆکیی ئەو بە ناو هاوپەیمانێتییە ناوچەییە، ئەمە کارێکی ئاسان نابێت.

٣- لەگەڵ یەکلابوونەوەی پێشهاتەکانی سووریا بە قازانجی هێزە ئیسلامییەکانی سەر بە تورکیا، لێدوانی بەرپرسە ئیسرائیلییەکان سەبارەت بەوەی (گوایە) پشتیوانی لە درووزو کورد دەکەن، مەترسییە پێشبینی کراوەکەی تورکیای ئەوەندەی تر گەورەکرد. واتە مەترسی ئەوەی ئیسرائیل بە پشتیوانی کردن لە کوردو درووز، دەسەڵاتە ناجێگیرەکەی تەحریری شام ئەوەندەی تر لاوازو لەرزۆک بکات. سەیرو سەمەرەو گاڵتەجاڕیی گەورە لەوەدایە وەزیری دەرەوەی تورکیا لە لێدوانێکدا دەڵێت "پێویستە سووریا مافی کورد بدات"! هەروەها تورکیا دەڵیت پشتیوانی لە رێکەوتنی نێوان هەسەدەو سووریا دەکات! ئەو لیدوانانە پەندە کوردییەکە بەبیر دێننەوە کە دەڵێ "کەچەڵ تیمارکەر بوایە، تیماری سەری خۆی دەکرد"!

لە راستیدا ئەو هەوڵ و لێدوانانە ئامانجیان ئەوەیە لانیکەم لەم قۆناغەدا، رۆژاوا لە دیمەشق نزیک بکەنەوەو رێگە لە دروستبوونی پەیوەندی نێوان هەسەدەو ئیسرائیل بگرن. دواتر کە هەموو شتێک هاتە بار بۆ تورکیاو هاوپەیمانەکانی، ئاسانترین شت پاشگەزبوونەوەو هەڵگەڕانەوەیە. جگە لەوەیش تورکیا دەیەوێ ئەو رێکەوتنە بە ئەمەریکا بفرۆشێتەوەو پێی بڵێت "ئەوەتا کورد خۆی لەگەڵ حکومەتی تازەی سووریا رێکەوتووەو پێویستی بە مانەوەی هێزەەکانی ئێوە نەماوە. ئەوە ئێمەیش لە تورکیا خەریکین کێشەی کورد چارەسەر دەکەین. ئەوەتا عەبدوڵڵا ئۆجەلانیش رایگەیاندووە خەباتی چەکداری کۆتایی هات و پارتی کرێکارانی کوردستانیش خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە". دوور نیە ئەمەریکای ترامپیش پێی پێی خۆش بێ باوەڕ بەو چاوبەستەی تورکیا بکات و بیکاتە بیانووی "خۆ رزگارکردن لە زۆنگاوی سووریا". هەر لێرەیشەوە دەبێ لەو هەواڵانە تێ بگەین کە دەڵێن ئەمەریکا رۆلێکی گەورەی بینیوە لە نزیککردنەوەی مەزلووم عەبدی و ئەحمەد شەرعدا.

 

لێرەدا جێگەی خۆیەتی بپرسین ئاخۆ ئەوەی ناوی لێ نراوە "پرۆسەی ئاشتی" لە تورکیاو باکووری کوردستان، هیچ پەیوەندییەکی بە دۆخی سووریاوە هەیە؟

پێشەکی دەبێ ئاماژە بەوە بکەین کە ماوەیەکی زۆرە ئەردۆغان باسی دەسکاریکردنی دەستووری تورکیا دەکات. چونکە دەورەی دووەمی سەرۆکایەتییەکەی بەرەو تەواوبوون دەچێ و بەپێی دەستووری ئێستا، بۆی نیە جارێکی تر خۆی کاندید بکاتەوە. واتە بۆ ئەوەی جارێکی تر ببێتەوە بە سەرۆک کۆمار پێویستی بە گۆڕانکارییە لە دەستووردا. بەڵام ئەوەی راپرسی و لێکۆڵینەوە مەیدانییەکان باسی دەکەن، خۆی و حیزبەکەی ئاستی پشتیوانیی جەماوەرییان زۆر هاتۆتە خوارەوە. بۆیە ئەگەرچی هێشتا لە پەرلەماندا حیزبی عەدالەت و مەهەپە زۆرینەیان هەیەو دەتوانن دەستووری نوێ لە پەرلەمان تێپەڕێنن، بەڵام هیچ گرێنتییەک نیە لە راپرسی جەماوەریدا سەرکەوتوو بن. ئەم دۆخە پێمان دەڵێ ئاکەپە و مەهەپە پێویستیان بە لایەنی ترە بۆ تێپەڕاندنی دەستووری نوێ. دەنگدەری کورد دەتوانن کێشەکە لە نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنی تورکیادا بە لایەکدا بخەن. گوایە لە بەرامبەردا دەستووری نوێ بوونی کوردو زمانی کوردی بە رەسمی دەناسێ، ئەگەرچی ئەوەی لە رەفتارو لێدوانەکانی حکومەت و بەرپرسە تورکەکانەوە دەیبینین و دەیبیستین دڵخۆشکەر نیەو هیچ شتێکی لە پرۆسەی ئاشتی ناچێ. تەنانەت هەندێک چاودیری تورک باس لەوە دەکەن، مەرج نیە لە دەستووری نوێدا زمانی کوردی بە رەسمی بناسرێت، بەڵکو ئەوەی لە دەستووردا دەگۆڕێت پێناسەی هاوڵاتییە. واتە ئەو دەقە دەستکاری دەکرێت کە هەموو هاوڵاتییەکی تورکیا بە تورک لەقەڵەم دەدات. بێگومان دەستکەوتێکی تری ئەم "پرۆسەیە" بۆ ئەردۆغان بریتییە لەوەی خۆی دەکاتە پاڵەوانی کۆتایی هێنان بە نزیکەی چل ساڵ شۆڕشی چەکداری لە باکووری کوردستان.

بەهەرحاڵ، لە چوارچێوەی ئەو "دەسپێشخەری"یەدا عەبدوڵڵا ئۆجەلان بانگەوازی ئاشتی و دەستهەڵگرتن لە خەباتی چەکداری راگەیاندو داوای لە پارتی کرێکارانی کوردستان کرد خۆی و رێکخراوەکانی سەر بە پەکەکە هەڵبوەشێننەوە. تورکیا دەیەوێ ئەم بانگەوازە رۆژاوایش بگرێتەوە. داوا دەکا هەسەدە چەک دابنێ و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە. بە واتایەکی تر، یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی پرۆژەکەی ئەردۆغان- باخچەلی بریتییە لە گوشار خستنە سەر رۆژاوا، بۆ داماڵینی لە چەک و تەسلیم بوونی بە دەوڵەتەکەی شەرع.

ئیسماعیل بێشکچی لە شوێنێکدا وتوویەتی: تا لە کێشەی کورد تێنەگەیت، ئەستەمە لە سیاسەتی ناوخۆو دەرەوەی تورکیا تێبگەیت. بە واتایەکی تر، هەموو رێگەیەکی سیاسەتی تورکی، بە جۆرێک لە جۆرەکان هەر دەچێتەوە سەر کێشەی کورد.

دواجار ئایا هەموو ئەمانە دەمانگەیننە ئەو بڕوایەی هەموو گفتوگۆیەک رەتبکەینەوە؟ بێگومان نەخێر. بەڵام دەبێ دوژمن و رکەبەرەکانمان باش بناسین و بە چاوی کراوەوە هەوڵ بدەین دەرفەتەکانی گفتوگۆ بقۆزینەوە. چونکە بە درێژایی مێژوو بژاردەی شەڕی سەپێنراو بەسەرماندا، تووشی نەهامەتی و کارەساتی گەورەی کردووین.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×