دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا رۆژی هەینی 14ی مانگی سێ فەرمانێکی جێبەجێکردنی واژۆکرد کە ئامانج لێی سنووردارکردنی چالاکییەکانی حەوت دەزگای فیدراڵییە، لەوانە ئاژانسی ئەمەریکا بۆ میدیای جیهانی (USAGM) کە سەرپەرشتی دەنگی ئەمەریکا، ڕادیۆی ئەوروپای ئازاد/رادیۆ لیبرتی و دەزگاکانی دیکەی میدیای فیدراڵی دەکات.
ئاوێنە: ئەم فەرمانە چەندین لایەنی دیکەی کردووەتە ئامانج، لەوانە دەزگای نێوەندگیری و سازانکاری فیدراڵی کار، سەنتەری نێودەوڵەتی وودرو ویلسۆن بۆ زانایان لە دامەزراوەی سمیتسۆنیەن، پەیمانگای خزمەتگوزاری مۆزەخانە و کتێبخانە، ئەنجومەنی نێوان دەزگاکانی ئەمەریکا بۆ بێ ماڵ و حاڵەکان، سندوقی گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی و دەزگای پەرەپێدانی بازرگانی کەمینەکان.
بەپێی فەرمانی جێبەجێکاری نوێی سەرۆک کۆماری ئەمەریکا، "سەرۆکی هەر دەزگایەکی حکومی کە لەو لیستەدا ناوی هاتووە، دەبێت لەماوەی حەوت ڕۆژدا لە بەرواری دەرکردنی ئەم فەرمانە، ڕاپۆرتێک پێشکەش بە بەڕێوەبەری فەرمانگەی بەڕێوەبردن و بودجە بکات کە پابەندبوونی تەواو بەم فەرمانە نیشان بدات و ڕوونیبکاتەوە کە کام پێکهاتە یان ئەرکەکانی دەزگای حکومەت، ئەگەر هەبن، لەڕووی یاساییەوە پێویستە و تا چەندە".
ئاژانسی ئەمەریکا بۆ میدیای جیهانی دەزگایەکی سەربەخۆی حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکایە و سەرپەرشتی پەخشی هەواڵ و زانیاری دەکات بە زیاتر لە 50 زمان، لەوانە کوردی، فارسی، تورکی و زمانەکانی دیکە.
ئەم هەنگاوە لەچوارچێوەی بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمەریکا دوای دەستبەکاربوونی بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکانی حکومەتی فیدراڵی و خێراتر و کاراترکردنی کارەکان دراوە. هاوکات لایەنگرانی ئەم دەزگایانە دەڵێن؛ ئەوان بەشێکی گرنگی دیپلۆماسیەتی ئەمەریکان.
میدیاکانی ئەمریکا دەڵێن؛ حەوت میدیای حکومیی لەنێو لیستی داخستنەکاندان، لەوانە کەناڵی ئەلحوڕڕە، رادیۆ فەردا، NPR.
